ساکینە جانسز، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، دوو ساڵ بەر لە شەهیدبوونی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت:”ئێمە تێدەکۆشین بۆ ئەوەی نەبینە ئەو ژنەی کە هیچیان لەدەست نایەت و دەگرین، تێدەکۆشین تا نەبینە ئەو ژنانەی ڕەش دەپۆشن و بۆ ئازارەکانیان دەلاوێنەوە، هەر لەبەر ئەمەیە، ئێمە لە چیاکانین”.
ساکینە جانسز، یەکێک لە دامەزرێنەرە شەهیدەکانی پەکەکە، لە چاوپێکەوتنێکدا لە ساڵی ٢٠١١-دا، کە گۆڤاری نەوای ژن لە نوێترین ژمارەیدا بڵاویکردووتەوە، سەبارەت بە کاریگەریی فشارەکانی دەوڵەتی ئێران لەسەر دۆخی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: بۆ نیشاندانی زوڵمەکانی ڕژێمی ئێران، فیلمی “بەردبارانکردنی سورەییا” بە نمونە دەهێنمەوە، کە باوەڕدەکەم زۆرینە بینیویانە، ئەو فیلمە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر من هەبوو، چونکە زۆر لایەنی سەرنجڕاکێشی ڕژێمم بینی و گرنگیشە ژنان و گەنجان بینەری بن.
ساکینە جانسز لە بەردەوامییدا دەڵێت: فیلمەکە واقیعی ڕژێمی سیستم و پیاوان و ئەو سیستمەی ژن و پیاوی هێناوەتە ئەم ئاستەی ئێستا، دەردەخات، ئێمە بە قووڵی شێوازەکانی ڕژێم و وێرانکاریی، نامرۆڤایەتی و دەرئەنجام ئابووریی، کە سیستم و سیاسەت بەرهەمیهێناوە هەڵدەسەنگێنین، ئەمە بە فراوانی لە بەرنامەی YJRKدا هەیە، بەڵام هەندێکجار گرنگە کە ئێمە چی لەو فیلمەدا دەبینین؟، لە کۆمەڵگەدا ئەو سیستمەی، کە لە سەر ڕەگەزێک پێشدەکەوێت، هێزی خۆی لەسەر بنەمای ڕەگەزێک و ئەو دەرئەنجامانەی، کە لە پیاواندا بەرهەمدەهێندرێت، خەڵک بە ترسەوە سەیری دەکەن، تا ئەوکاتەی مرۆڤ لەخۆیدا نەبوون نەبینێت، خوێنی مرۆڤ دەیبەستێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەرشانی ژنان و گەریلاکانی ئازادیی، شەهید ساکینە دەڵێت:”ئێمە تێدەکۆشین بۆ ئەوەی نەبینە ئەو ژنەی، کە هیچیان لە دەست نایەت و دەگرین، تێدەکۆشین تا نەبینە ئەو ژنانەی ڕەش دەپۆشن و بۆ ئازارەکانیان دەلاوێنەوە، بۆیە ئێمە لە چیاکانین”.
جەختیش دەکاتەوە”ئەو دۆخەی سورەییاکانی تێدا دەژین، قەدەر نییە، دەبێت ئێمە بیگۆڕین پێویستە ئەو ئەقڵیەتە بگۆڕین، لە هەموو بوارەکاندا کاریگەریی ئەو عەقڵیەتییە بشکێنن، ئەو ئازار و ستەمەی کە کۆمەڵگا و ژنان لە مێژوودا تێیدا ژیاون و لەمڕۆشدا بەردەوامە، هەستکردنە، ئافراندنی هۆشیارییە، فیکر و ئاسۆیە و ئامرازی تێکۆشانە، ئێمە تەنها دەتوانین بە ڕێکخستنێکی بەرفراوان ئەم دۆخە تێپەڕێنین”.
ساکینە جانسز لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا باس لەو زەحمەتییانە دەکات، کە ئەوان لە دەستپێکردنی خەباتدا ڕووبەڕووی بوونەوە و دەڵێت:”کاتێک ئێمە بەشداری خەبات بووین زۆر زەحمەت بوو، ئێمە دەبوایە لەگەڵ خێزانەکانمان شەڕ بکەین بۆ ئەوەی بەشداری لە تێکۆشان بکەین، چونکە خێزان بەپێی سیستەم داڕێژراوە، کاتێک ژنێک بچێتە ناو خەباتەوە، هێشتا ئاستەنگی زۆر هەیە، بەڵام دەبێت ژنان لە دژی ئەم بەربەستانە تێبکۆشن و هەنگاوبنێن، ڕێگای ئازادی ئاسان نییە، ئەو ژنانەی کە یەکەمجار بەشدارییان لە تێکۆشاندا کرد گروپێکی زۆر بچووک بوون، بەڵام دواتر زیادیان کرد”.
لە ٩ی کانونی دووەەمی ٢٠١٣دا لە پاریس سەکینە جانسز (سارا) یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە ، فیدان دۆغان (ڕۆژبین) نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە پاریس و لەیلا شایلەمەز (ڕووناهی) ئەندامی بزوتنەوەی گەنجان، تیرۆرکران.
ش.ف