هەورامان جەلال
چالاکوانێکی سیاسیی باس لەوە دەکات، کە ساکینە جانسز و هاوڕێکانی، پێشەنگییان بۆ شۆڕشیکی ئینسانیی و ئەخلاقیی دەکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی سیاسەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بەرژوەندییخوازانەیە، لەناو جەرگەی ئەوروپادا تیرۆر کران.
لە نۆهەمین ساڵیادى کۆمەڵکوژیى پاریسدا، کە تێیدا هەرسێ ژنە شۆڕشگێڕى کورد ساكینه جانسز، فیدان دۆغان و لهیلا شایلهمهز، لەلایەن میتى تورکیەوە تیرۆر کران، هەردى هادى چالاکوانى سیاسیى دەپرسێت، بۆچی تا ئێستا کەیسی تیرۆرکردنی ئەو سێ ژنە شۆڕشگێڕە بەلاڕێدا دەبرێت و سەرەداوێکی ئەوتۆ بەرچاو ناخرێت؟.
ئەو چالاکوانە دەشڵێت: لە دنیای مۆدێرنیتەدا هیچ شتێک بەبێ ڕێکخستن و ئامادەسازیی بەڕێوەناچێت، هەموو ئەوەی دەگوزەرێت دەبێت باش تێگەشتنمان هەبێت بۆى، چونکە سیاسەتی مۆدێرنە بەرژەوەندیخوازانەیە، بۆ نمونە لە شوێنێکی وەک فەڕەنسادا سێ ژن، کە پێشەنگایەتی شۆڕشێکی ئەخلاقیی و ئینسانی دەکەن، بە ڕۆژی نیوەڕۆ تیرۆر دەکرێن، بەڵام تا ئێستاش دۆسیەکانیان بەهەڵپەسێردراویی و ناڕوونی ماوەتەوە.

هەردی هادی، هۆکاری هیچ سڵ نەکردنەوەیەک لە تیرۆرکردنی ساکینە جانسز و هاوڕێکانى لەناوجەرگەی ئەوروپا دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ئامادەییە سەرنجڕاکێشەى ساکینە، کە لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی پەکەکەدا ئامادەییەکی سەرەکی هەبووە و یەکێک بووە لە فیگەرە گرنگەکانى بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لە باکووری کوردستان، کە ئەویش پەکەکەیە .
ئەو چالاکوانە باس لەوەش دەکات، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت بەشێکی زۆرى شۆڕشەکانی دنیاشدا زۆر کەمبووە، کە لە دەستەی دامەزرێنەریاندا ژن ئامادەیی هەبووبێت، بەڵام ساکینە لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی پەکەکەدا بەردەوام ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە ئاڕاستەکردن و فراوانکردنی بیری شۆڕشگێڕیی لەناو بزاڤی نەتەوەخوازی کوردا.
ئەوەی بۆ ئەو جێگای سەرنجە، ئیرادەی ڕادەست نەبوونی شەهید سارەیە، لە سەرەتای دامەزراندنی پەکەکەدا دەستگیردەکرێت، بۆئەوەی دانپێدانان بکات بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە بەشێکی جەستەی لێ دەکەنەوە بەبێ بەنج و وەک خۆشی دەڵێت، بۆئەوەی دووژمن لە شوناسی منەوە هەست بەتێکشکاندنی نەتەوەکەم بکات، ئەوەندە بێ شعوربوو شەرمی لەوەنەکرد، کە جەستەی ژنێک نەبڕێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو چالاکوانە سیاسییە ئاماژەى بەوەکرد: ئەوەشی، کە ئێستا دەگوزەرێت لە ١٠٠ ساڵی ڕابردووی ئەوروپادا هەر لە تیرۆرکردنی شەهید سارا و هاوڕێکانى بۆشەهیدکردنی قاسملۆ و دواتر بۆ دەستگیرکردنى ڕێبەر ئاپۆ هەموو ئەوانەش پێمان دەڵێت، کە دنیای دیموکراسییدا شتەکان وەک چەمک هەن بەس ناوەڕۆکیان بە وشە تا ئەو شوێنە ئامادەی هەیە، کە نەبیتە هەڕەشە بۆسەر دەسکەوتەکانیان.
لە ٩ی کانونی دووەەمی ٢٠١٣دا لە پاریس سەکینە جانسز (سارا) یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە ، فیدان دۆغان (ڕۆژبین) نوێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە پاریس و لەیلا شایلەمەز (ڕووناهی) ئەندامی بزوتنەوەی گەنجان، تیرۆرکران.
ئ.م