ساڵح موسلیم: بەرگریی کورد و پێکهاتەکان پیلانی تورکیای گۆڕی

ساڵح موسلیم، ڕایدەگەیەنێت، دوای كۆتایی هاتنی داعش، دەبێت ئیتر بوونی كورد لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە پەسەند بكرێت، دەشڵێت: بەرگریی كورد و سەرجەم پێكهاتەكانی سوریا پیلانی توركیای گۆڕی، توركیا كێشەكانی ناوخۆی بە شەڕكردن لەسوریا دەشارێتەوە و دەیەوێت چاوی ڕای گشتیی لەسەر خۆی لاببات.


ساڵح موسلیم، وتەبێژی فەرمی پارتی یەكێتی دیموكراتی - پەیەدە، دەربارەی كۆتاییهێنان بە داگیركارییەكانی داعش و دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان لە لێدوانێكیدا بە ئاژانسی هاوارنیوزی ڕایگەیاند: بەپەسەندكردنی سیستمی نێونەتەوەیی دیموكراتی دەستكەوتەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گەرەنتی دەكرێت.

ساڵح موسلیم، لەسەرەتای لێدوانەكەیدا وتی: تێكۆشان لەدژی داعش بەردەوام دەبێت، لەبەر ئەوەی شانە نهێنییەكان و فكرەی داعش لەناوچەكەدا دەمێنێت، هەندێك لایەنی وەك توركیاش چەتەكان پەروەردە دەكەن، توركیا دەیەوێت لە ئیدلیب بەرگی چەتەكان بگۆڕێت و دەیەوێت ئەوان پەسەند بكرێن. ئەمەش بابەتی سوریایە بەگشتیی و شەڕێكی نێودەوڵەتییە، یەكێك لە پیلانەكانی دەوڵەتی توركیش ئەوەیە كە چەتەكان لە ئیدلیب، لە عەفرین جێگیر بكات و دەبێت بەر لەو پیلانەی توركیا بگرێت.

"كورد لە تێكۆشان لە دژی تیرۆریزم و ڕووبەڕووبونەوەی پێشەنگە"

ساڵح موسلیم، دەستنیشانیشی كرد، كە دەوڵەتی تورك بوونی داعشی بە هەلزانی بۆ ئەوەی ئەو ئامانجەی لە سەدەی ٢٠ نەیتوانی بەدەستیبهێنێت تەواوی بكات، لەو ڕووەوە ڕایگەیاند:"دەوڵەتی تورك لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا ڕِۆم، ئەرمەن، سوریانی پاكتاوكرد، بە شێوەیەكی ئاشكراش دەڵێن دەبێت كورد لە مێژووی توركیادا نەهێڵرێن، كورد بە بەرگریی بێوێنە و مەزن گەلێك سەركەوتنی بەدەستهێناوە و لەشەڕی دژی تیرۆردا پێشەنگ بووە، ئەو سەركەوتنەی كوردیش لەدژی ئەو فكرەی دەوڵەتی توركە".

"دەبێت بوونی كورد لەلایەن سیستمە نێودەوڵەتییەوە پەسەند بكرێت"

ساڵح موسلیم، ڕاشیگەیاند، كە ئیتر دەبێت هەبوونی كورد لەلایەن سیستمە نێودەوڵەتییە دیموكراتەكانەوە بەفەرمیی پەسەند بكرێت و بەمشێوەیە بەردەوامیی بە لێدوانەكەیدا، "بەهۆی پەسەند نەكردنی كیانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەتا ئێستا پرسی دەستگیر كراوانی داعش ناڕوونە، ژمارەیەك دەوڵەت دەڵێن: بەهۆی ئەوەی ئیدارەی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نییە، ئێمە لەگەڵ ئەوان ناكەوینە دانووستان و گفتوگۆ، بۆ ئەوەی ئەو چەتانەی داعش ڕێكخستنەكانیان كۆ نەكەنەوە، دەبێت چارەسەرێكی سیاسیی دیاریبكرێت، بۆ گەرەنتیكردنی كارەكان ئێمە دەتوانین لەو ڕوەوە هاوكاربین بەڵام بۆ ئەوەش پێویستی بە ڕەزامەندیی و پەسەندكردنی نێودەوڵەتیی هەیە.

بەپەسەندكردنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی دەستكەوتەكانمان گرەنتی دەبن

ساڵح موسلیم جەختیكردەوە، پێویستە پاراستنی خاكی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گەرەنتی بكرێت و وتی:"هەتاوەكو سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی لە ڕووی سیاسی و دیپۆلۆماسییەوە، لە ناوخۆی سوریا و دەرەوەی سوریا پەسەند نەكرێت، ئێمە ناتوانین دەستكەوتەكانمان گەرەنتی بكەین، خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی بەتایبەت لەلایەن دەوڵەتی توركەوە پەسەند ناكرێت".

پیلانی توركیا ئاشكرا دەبێت

ساڵح موسلیم، وتەبێژی فەرمیی پەیەدە، لە كۆتایی لێدوانەكەیدا دەستنیشانیكرد، سەركەوتنی قەسەدە مێژووییە و بەمشێوەیەوە لەو بارەیەوە دوا"هەنگاوەكە لە كۆبانێ-وە دەستیپێكرد و لە دێرەزۆر كۆتایی دێت، بەرگریی كورد و سەرجەم پێكهاتەكان پیلانی توركیایان گۆڕی، توركیا كێشەكانی ناوخۆی بە شەڕكردن لەسوریا دەشارێتەوە و دەیەوێت چاوی ڕای گشتی لەسەرخۆی لابەرێت، بەڵام لەدەرەوەی توركیاش سەرنەكەوت، بە كۆتایی هاتنی هەنگاوی گەردەلولی جەزیرە لە توركیا دوو بابەت ئاڵۆز دەبن، یەكەم توركیا دەبێت لە ئیدلیب چی بكات، خاڵێكی تریش ئەو كێشانەی كاریگەرییان لەسەر توركیا هەیە ڕوون و ئاشكرا دەبن، ئەم كێشانەی لە توركیاش هەیە هەتاوەكو ٣١ی ئازار  كە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت دەمێنن، وە دوای هەڵبژاردن جارێكی دیكە بابەتەكان دەتەقنەوە.

ك.س