بۆ بەرزڕاگرتنی پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هاوڕێ و هاوکارمان ڕۆژنامەنوس شۆڕش مستەفا، لە سەرمەزارەکەی مەراسیمێک سازدرا و بەوەفادارییەوە بەبیرهێنرایەوە.
ئەمڕۆ پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆچی دوایی ڕۆژنامەنوس شۆڕش مستەفا یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز)، بۆ بیرهێنانەوە و بەرزڕاگرتنی ئەم یادە، ئاژانسەکەمان هەستا بە سازدانی مەراسیمێک لەسەر مەزارەکەی لە شاری سلێمانی.
لەسەرەتای مەراسیمەکەدا شنا فایەق، سەرنوسەری ئاژانسی ڕۆژنیوز وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: وەفاداری خۆمان بۆ هاوڕێ شۆڕش دووبارە دەکەینەوە و هەموو ئەو ڕۆژنامەنوسە گیانبەختکراوانە بەبیردەهێنینەوە کە تا دوایی ڕاستگۆبوون بەرامبەر پەیامەکەیان و خۆیان نەفرۆشت بە دەسەڵات، لەم کاتەدا ڕەوشی ڕۆژنامەگەریی و ئازادیی لە خراپترین دۆخدایە، دەسەڵات هەموو ڕێگایەکی سەرکوتکاری گرتووەتەبەر بەڵام بێ ئومێدنین و بەرەی گەل فراوانە و زۆرن ئەوانەی درێژە بە ڕێگاکەی هاوڕێ شۆڕش و شەهید وەدات دەدەن.

دواتر لەلایەن سنور کەریم، هاوژینی شۆڕش مستەفاوە وتاری خانەوادەکەیان پێشکەشکرا و وتی: لەدەستدانی شۆڕش تەنها کۆستێک نەبوو بۆ ئێمە بەڵکو کۆستێک بوو بۆ ڕاگەیاندنی ئازاد، ئەو هەرگیز ماندوونەبوو لەو پەیامەی کە دەیویست بیگەیەنێت، هیچ کاتێک بەقەدەر ئەم قۆناغەی ئێستا پێویستمان بە شۆڕش و قەڵەمە ئازادەکان نییە، ئەو فێریکردین کە سوربین لەسەر داکۆکیکردن لە مافی هاوڵاتییان و ئازادیی و نەتەوەکەمان و هەموو ئەو پرسانەی کە پەیوەندی بە هەموومانەوە هەیە.

دواتر لەلایەن تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادیی وتارێک پێشکەشکرا و وتی: هەرێمی کوردستان لە ناو قەیرانێکی قوڵی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییدایە، چەندە ئێمە لە مەیدانی سیاسی و تێکۆشانی ئازادی ڕۆڵ دەگێڕین، ڕاگەیاندنی ئازاد ڕۆڵێکی گەورەتر دەگێڕێت، نمونەی وەک هەڤاڵ شۆڕش کەمن بەڵام بە زیندوویی دەمێننەوە، وەک دەبینین بۆ ساتێکیش پەیامەکەی ئەو لە بیری هاوڕێکانی و خانەوادەکەی نەچووەتەوە.

لە کۆتاییشدا کەمال حەمە ڕەزا، بەڕێوبەری کۆمپانیای چەتر وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: خۆشحاڵین هەموو ساڵێک یادی هاوڕێ و هاوکاری تێکۆشەرمان شۆڕش مستەفا دەکەینەوە و سۆز و وەفاداریمان بۆ پێنوسە ئازا و ئازادەکەی دووپاتدەکەینەوە، ئەو هەمیشە جێگای شانازیمان بوو هەتا کۆتاییش نە خۆی نە پێنوسەکەی و نە خەباتەکەی لە یادناکەین، بە پێشەنگ و مامۆستای خۆمانی دەزانین.

شۆڕش مستەفا لەدوای خۆی تاقە کچێکی بەجێهێشتووە بە ناوی بارین، ئەمڕۆ لە مەراسیمەکەدا لەگەڵ چەپکە گوڵێکدا نامەیەکی لەسەر مەزارەکەی باوکی دانا کە تێیدا نوسرابوو” زۆرم خۆشدەوێیت باوکە، زۆریش بیرتدەکەم”.
شۆڕش مستەفا عەلی، ساڵی ١٩٨٤ لە شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووه، لەگەڵ دامەزراندنی ئاژانسەکەمان (ڕۆژنیوز) لە ساڵی ٢٠١٤دا، شۆڕش یەکێک بوو لە دامەزێنەرانی ئاژانسەکە و وەک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تا گیانلەدەستدانی سەرکەوتووانە بەردەوامی بەکارەکانی دەدا.
شۆڕش مستەفا، بەهۆی نەخۆشییەکی کتوپڕەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا، بەڵام دوای ١٠ ڕۆژ لە نەخۆشکەوتنی و لە ٢٧-٢-٢٠١٦دا ، لە نەخۆشخانەی شۆڕش-ی شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا.
ک.س