پێنجشەممە, 28 يون 2018 – 09:04 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ڕۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ١٩٨٧ی زایینی، واتە ٧ی پووشپەڕی ١٣٦٦ی هەتاوی ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێر ٤:٣٠ی پاشنیوەڕۆ، هێزە ئاسمانیەکانی ڕژێمی بەعس بە گازی کیمیایی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان حەوت جار بۆردوومان کرد، دوو بۆمبیان لە ناو بازاڕی شارەکەدا، دوو بۆمبی دیکەیان لە گەڕەکەکان و سێ بۆمبیشیان لە گوندەکانی دەوروبەری سەردەشت بەردایەوە.
بۆردوومانەکەی سەردەشت لە میانەی جەنگی ئێران و عێراق بوو، کە ئەوکات عێراق بەبیانووی بۆردوومانکردنی هێزە ئێرانییەکان، بۆردوومانی ناوەندی سەردەشتی کرد، ئەو بۆردوومانە لەکاتێکدابوو، کە سەردەشت بۆخۆی لەدژی ستەمی ڕژێمی ئێران لە خەباتدا بوو.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە کۆی ١٢ هەزار دانیشتووی ئەوکاتەی شاری سەردەشت، هەشت هەزار و ٢٥ کەس برینداربوون، لانی کەم ٤ هەزار و ٥٠٠ کەس لەو بریندارانە دەبوو چارەسەرییان بۆ بکرێت، بەڵام تەنها ٣٠٠ کەس لە سەردەشت چارەسەرییان بۆ کرا.
بریندارەکانی دیکە لە گوندەکانی دەوروبەری سەردەشت مانەوە بۆ ئەوەی ژەهری هەوا کەم بێتەوە ئینجا بەڕێبکرێن بۆ چارەسەری پزیشکی، هەزار و ٥٠٠ کەس کە بەسەختی بریندار ببوون و دەبوو بەڕێبکرێن بەرەو نەخۆشخانەکانی تاران و تەبرێز، بەپێی ئامارەکان لەکۆی ئەو بریندارانە ١٣٠ کەس شەهید بوون.
لە ماوەی ٣١ ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆری دیکە لەو بریندارانە پاش چەشتنی ئازاری چەندین ساڵە گیانیان بەخت کردووە و هەرگیز هیچ چارەسەرییەکیان بۆ ئەنجامنەدرا، ژمارەیەکی زۆریشیان بە نەخۆشی دەژین، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە نەخۆشییەکانیان بەشێوەی بۆماوەیی گوازراوەتەوە بۆ منداڵ و نەوەکانی دیکە، واتە زامەکەی سەردەشت ساڵ لەدوای ساڵ نوێ دەبێتەوە و هێشتا بنەبڕ نەکراوە.
کیمیابارانی شاری سەردەشت لە بەر چاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەنجامدرا، بەڵام تاکە هەڵوێستیان بەرامبەری تەنها بێدەنگی بوو، جیا لەوەی کە حکومەتی ئێرانیش هەرگیز خەڵکی کوردی بە هاوڵاتی پلەیەک دانەنا کە بەرگرییان لێبکات و ڕێگانەدات بە فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعس شارە کوردییەکان کیمیابارن بکەن، وەکچۆن ڕێگای نەدا کە هیچ شارێکی دیکەی ئێران کیمیاباران بکرێت.
بێدەنگی و ناهەستیاریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەرامبەر بە کیمیابارانی سەردەشت و پێش ئەویش بانە، وایکرد کە سەدام و عەلی حەسەن مەجید لە ساڵی ١٩٨٨ دا بەبێ دوودڵیی تراژیدیای هەڵەبجە بۆ گەلی کورد پێکبێنن و دوای ئەویش بە ئەنجامدانی دژەمرۆییانەترین تاوانەکان لەدژی گەلی کورد بەردەوامی بدەن بە پرۆسەی قڕکردنی کورد.
ب.ل