سێشەممە, 4 سبت 2018 – 09:33 ڕۆژنیوز- بڕیار محەمەد
بەپێی بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان سبەینێ ٥/ئەیلول، بانگەشەی لیست و قەوارە و کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، کە بڕیارە لە ٣٠/ئەیلول ئەنجام بدرێت.
هەرچەندە لە ٦/تشرینی دووەمی/٢٠١٧ خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات و بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەبوو ٤٥ ڕۆژ پێش تەواوبوونی خولی پەرلەمان واتا لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردن بەڕێوەبچوایە، بەڵام لە ڕۆژی ٢٤/تشرینی یەکەم، بەبێ گەڕانەوە بۆ خەڵک و بەبێ ئامادەبوونی فراسیۆنی گۆڕان و کۆمەڵ، پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژکردەوە و هەڵبژاردنەکانی بۆ ماوەی هەشت مانگ دواخست، دواتر لە ڕۆژی ٨/ ئایار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا، کە لە ڕۆژی ٣٠/ئەیلول/٢٠١٨ هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە لە ٢٢ ملیۆن دۆلاری خستووەتە سەر حسابی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان.
پاشان، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان دەستی بە ئامادەكاریەكانی كرد بۆ ئەوەی لە وادەی خۆیدا پرۆسەكە بەرێوەببات، بەڵام گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکان هاتە ئاوارەوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و سەرەتا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان داوای دواخستنی کرد، هەرچەندە بە فەرمیی ڕاینەگەیاند، بەڵام لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان داوای دواخستنی کرد، دوابەدوای ئەویش بزوتنەوی گۆڕان پشتیوانیی داواکەی یەکێتی کرد و هەتا ئێستاش هەوڵی ڕازییکردنی لایەنەکانی دیکە دەدەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.
پارتی دیموکراتی کوردستان عێراق، جەختدەکاتەوە، کە پێویستە هەڵبژرادن دوانەخرێت، کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی-ش لە لێدوانە فەرمییەکانیاندا ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بە گونجاو دەزانن.
هەوڵەکانی دوخاستنی هەڵبژاردن کۆمسیۆنی لە کارەکانی ڕانەگرت و بەردەوام بوون لە ئامادەکاریی، لەیەكەم قۆناغیشیدا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی دەستی كرد بە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە ماوەی ٤٥ رۆژدا لیستی تۆماری دەنگدەران ئامادەبوو، بەڵام دواتر رەخنەی بەشێك لە هێزو لایەنە سیاسیەكانی لێكەوتەوە پێان وابوو، كە ئەو تۆمارە هێشتا تۆمارێكی دروست نیەوە ناوی مردوو دووبارەی تێدایە، وە گومانەکان لەسەر کۆمسیۆن نەڕەوینەوە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی پاک، بۆیە هەریەكە لە هاوپەیمانیی بۆ دیمكراسیی و دادپەروەریی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بایکۆتی پرۆسەکەیان کرد.
لەدوای ئەم هەنگاوەش، پرسەی پێشكەش كردنی ناوی قەوارەكان پێشكەشی كۆمسیۆن كرا لەلایەن حزبە سیاسیەكانی، كە ژمارەیان ٣٨ قەوارەی سیاسییە و بەشدارییدەكەن لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان پەسەندكراون و ٣ قەوارەش ڕەتكراونەتەوە، كە یەكێك لە قەوارەكانی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگای كوردستان بوو، بەپێچەوانەی یاسا و بە بڕیاری حزب، لە هەڵبژاردنەکە دوورخرایەوە، لە ٧/تەموز-یش دەستکرا بە وەرگرتنی لیستی ناوی کاندیدەکان.
لە هەر سێ پارێزگەكەی هەرێمی كوردستان ١٧٣ بنكەی لاوەکیی دەنگدان هەیە (هەولێر ٥٣ بنكە، سلێمانی ٧٩ و دهۆك ٤١)، هەر یەك لەو بنكەش لە چەند بنکەیەکی سەرەکیی دەنگدان پێكدێن لە هەولێر ٤٩٨ بنکە، سلێمانی ٧٤٠ و دهۆك ٢٥٦ بنکەی دەنگدان هەیە.
بنكەكانی دەنگدانی هەولێر پێكدێن لە دوو هەزار و ٣٤٠ وێستگە، سلێمانی دوو هەزار و ٧٥٣ وێستگە و دهۆك هەزار و ٤٨١ وێستگە.
بۆ بەڕێوەچوونی هەر هەڵبژاردنێكیش هەولێر پێویستی بە ١٤ هەزار و٦٨٨ فەرمانبەر هەیە، سلێمانی ١٦ هەزار ١١٠ فەرمانبەر و دهۆك هەشت هەزار ٩٤١ فەرمانبەر.
لە دواین قوناغیشدا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان بریاریدا كاتژمێر ١٢ شەوی ٥/ئەیلولی/٢٠١٨ بانگەشەی کاندید و لیست و قەوارە سیاسیەكان دەست پێبكات تا ٨ی بەیانیی ٢٨/ئەیلول بەردەوام بێت.
بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٠٠ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنو ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ببەستێت و دواین زانیارییەکان لەبارەی پرۆسەکەوە بخاتەڕوو، هەروەها ناوی کاندیدە پەسەندکراوەکان بڵاوبکاتەوە.
ش.ف