ستران عەبدوڵا: ئۆجالان ڕێبەرایەتیی دۆزی کورد دەکات

ستران عەبدوڵا، سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ دەڵێت، کە هەم حکومەتی تورکیا و هەم دنیاش دەزانێت، کە بەبێ ئۆجالان دۆزی کورد چارەسەر ناکرێت و ئەو ڕێبەرایەتیی دۆزەکە دەکات، دەشڵێت: بوونی ئۆجالان لە زینداندا شەرمە و کاتی ئەوە هاتووە ئازادبکرێت.


١٥ی شوباتی ئەمساڵ ٢٠ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان، لەو ساڵیادەدا ستران عەبدوڵا، سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ سەبارەت دەستگیرکردنی ئۆجالان و دۆزی کورد بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

"بەبێ ئۆجالان دۆزی کورد چارەسەر ناکرێت"

ستران عەبدوڵا دەڵێت: لەمێژە کاتی ئەوە هاتووە کە عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندان ئازادبکرێت، چونکە ئەو ڕێبەرایەتی دۆزی کورد دەکات، هەم حکومەتی تورکیا و هەم دنیاش دەزانێت، کە بەبێ ئۆجالان دۆزی کورد چارەسەر ناکرێت، شەرمە لە سەدەی ٢١دا سەرکردەیەک ٢٠ ساڵ لە زینداندا بێت لەسەر بیروباوەڕەکانی، لەسەر ئەوەی کە داکۆکی لە مافی گەلەکەی دەکات.

"لە زیندان درێژەی بە خەبات داوە"

دەشڵێت: ئۆجالان لەو ٢٠ ساڵەدا لە زیندان، بەڵکو بە هەمان هۆشمەندیی و بیرکردنەوەی درەوشاوەی خۆیەوە درێژەی بە خەباتەکەی داوە، دەیان کتێبی لە زینداندا نووسیوە.

"بوونی ئۆجالان لە زیندان، زیندانییکردنی دۆزی کوردە"

بە بڕوای ستران عەبدوڵا: بوونی ئۆجالان لە زینداندا وەک ئەوە وایە کە دۆزی کورد لە زینداندا بێت، چارەسەرنەکردنی دۆزی کوردیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەک ئەوەیە کە سەدەی ٢١ نەیەوێت پێکەوەژیانی گەلان فەراهەم بکرێت.

"خەبات بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی ڕەوایە"

سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ستایشی چالاکیی و مانگرتنەکان دژ بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان دەکات و دەڵێت: هەموو جۆرە خەباتێک بەتایبەت بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕەوایە، کەیسی ئۆجالان زۆر بەهێزە، کەیسی ئەوانەیشی کە ئۆجالان گۆشەگیر دەکەن زۆر لاوازە.

١٥ی شوباتی ١٩٩٩ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە لە نایرۆبی پایتەختی کینیا لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتیدا ڕفێندرا و دواتر لە ئیمراڵی زیندانیکرا، لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١١ەوە ڕێگای بە پارێزەرەکانی نەداوە سەردانی بکەن، هەروەها لە ٢٠١٥یشەوە ڕێگای بە شاندی ئیمرالی نەداوە سەردانی ئۆجالان بکەن.

ش.ف