سلێمانى، ساڵیادى کۆچى دوایى کەریم زەند کرایەوە - بەوێنە

سالیادى کۆچى دوایى گەڕیدە و مێژوو نووسى کورد، کەریم زەند، لەشارى سلێمانى کرایەوە، کە تێیدا ژمارەیەکى بەرچاو لە هاوڵاتیان و ڕۆشنبیران و دۆستانى کۆچکردوو بەشداربوون.


کاتژمێر ٤:٠٠ى ئێوارەى ئەمڕۆ، لە هۆڵى تەوار لە شارى سلێمانى، ساڵیادی کۆچى دوایى گەریدە و مێژوو نووسى کورد، کەریم زەند کرایەوە.

لە یادەکەدا،ڕاپۆرتێک لەسەر ژیان و کارەکانى کەریم زەند، نمایشکرا، دواتر ئامینە زەند، هاوسەرى کەریم زەند، قسەى کرد، لەدواى ئەوەى بە خێرهاتنى گەرمى ئامادەبووانى کرد، وتى:" کەریم زەند، بۆمن هەر هاوسەر نەبوون، بەڵکو هەموو شتێک بوو، چونکە ئەوەى دەیزانم و فێرى بووم هەمووى لەوەو فێربووم".

لە درێژەى قسەکانیدا، ئامینە زەند، داواى لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، کە ژورێک لەناو سەراى شارى سلێمانى بۆ کتێب و نوسراو و جل و بەرگەکانى کەریم زەند، دابین بکەن، بۆ ئەوەى ببێتە مۆزەخانەى کەریم زەند و هاوڵاتیان سەردانى بکەن.

نووسەر و گەڕیدە و مێژوونووسى کورد، کەریم زەند، لەساڵى ١٩٢٤ لەدایک بووە، لەساڵى ١٩٣٨ دەستى بە کارى سیاسى کردووە، خوێندنى سەرەتایى و ناوەندى لەشارى سلێمانى تەواوکردووە، لەساڵى ١٩٤٤ زانکۆى لە بەغدا تەواوکردووە و بووەتە مامۆستا، لەساڵى ١٩٤٠ یشەوە دەستى بە نووسین کردووە.

کەریم زەند، لەساڵى ١٩٤٤ دا ئامادەى دامەزراندنى کۆمارى مهابات بووە، لەوێ کڵاوێکى بە دیارى پێدەدرێت لەلایەن پێشەوا قازى محەمەد-ەوە، کە هەتاوەکو کاتى کۆچى دوایی لەسەر دەکرد.

لەدواى هەڵوەشانەوەى کۆمارى مهابات، کەریم زەند، لەگەڵ مەلا مستەفاى بارزانى، دەچێتە یەکێتى سۆڤییەت، دواتر دەگەڕێتەوە باشورى کوردستان.

کەریم زەند، یەکەم کەس بووە کە ئینجیلى وەرگێڕاوەتە سەر زمانى کوردى لەسالى ١٩٧٢دا.

ئەم مێژوو نووس و گەڕیدەیەى کورد، لە ژیانیدا چەندین پەرتووکى لەبارەى مێژووى کورد و جوگرافییاى کوردستانەوە نووسیوە، هەروەها زۆربەى ناوچەکانى هەر چوارپارچەى کوردستان گەڕاوە و تێیدا ماوەتەوە، لە یەکێک لە پەرتووکەکانیشیدا بەناوى 'گەشت نامەى زەند' چیرۆکى گەڕانى خۆى بە ناوچەکانى کوردستاندا دەگێڕێتەوە.

ساڵێک لەمەوبەر و لە ڕۆژى ١٠ى ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧دا کەریم زەند، لەماڵەکەى خۆیدا لەشارى سلێمانى، لە تەمەنى ٩٣ ساڵیدا کۆچى دوایى کرد.

 د.ع