سلێمانى، ماوەى ٦٠ ڕۆژە مانگرتن بۆ ئۆجالان بەردەوامە

ماوەى ٦٠ ڕۆژە لە شارى سلێمانى مانگرتنى خولى دژى گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان- پەکەکە، بەردەوامە و ئەمڕۆش ۳۱مین گروپ کە گروپێکى هەرچوار پارچەى کوردستانە بەشداری مانگرتن بوون.


ئێوارەی ئەمڕۆ، ۳۱مین گروپ بەشدارییان لە مانگرتنی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا کرد لە شاری سلێمانی، کە ٦۰ ڕۆژە دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە بەردەوامە.

گروپەکە لە چوار کەس پێکهاتوون، هەریەکەیان خەڵکی پارچەیەکی کوردستان بوون، دەیانویست بەو شێوەیە وێنایەکی یەکگرتوویی گەلی کورد پیشانبدەن دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان.

بەشداربووانی مانگرتنەکە بۆ ڕۆژنیوز جەختیان لەوە دەکردەوە، کە "گۆشەگیریی ئیمراڵی تەنها لەسەر ئۆجلان نییە، بەڵکو لە کەسایەتیی ئۆجالاندا گەلی کورد گۆشەگیر کراوە".

داواشیان لە گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان کرد، کە بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، بەدەم پەیامی مانگرتووانەوە بچن و بە یەک دەنگ داوای شکاندنی گۆشەگیریی و ئازادیی ئۆجالان بکەن.

د.ع