سلێمانى، گروپێى هونەریى گەلەکۆمەى نێودەوڵەتى دژى ئۆجالان شەرمەزار دەکەن

گروپی کەوانی زێرین، کە گروپێکى هونەرییە، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا گەلەکۆمەى نێودەوڵەتى دژى عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەرى پەکەکە-یان شەرمەزارکرد و ڕایانگەیاند، کە سەرەڕاى گەلە کۆمەى نێودەوڵەتى ئێستا لە کەسایەتى عەبدوڵا ئۆجالاندا گەلى کورد گۆشەگیرکراوە بۆیە پێویستە هەموو کوردێک بۆ شکاندنى گۆشەگیریی تێکۆشان بکات.


ئێوارەی ئەمڕۆ گروپی (کەوانی زێرین) کە گروپێکی هونەرییە لە شاری سلێمانی، لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیان دەربارەی بیستەمین ساڵیادی پێلانگێڕی نێودەوڵەتی لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە ئەنجامدا، هەروەها وێنەى عەبدوڵا ئۆجالان و لەیلا گوڤەنیان بەرزکردەوە.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا هەوار محەمەد، ئەندامی گروپى کەوانی زێڕین، ڕاگەیەندراوى گروپەکەى خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو: بیستەمین ساڵەی پیلانگێڕی بێ ئابڕووانەی نێودەوڵەتی لەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد شەرمەزار دەکەین، ئەو پیلانگێڕییەش ڕەتکردنەوەی مافی سەربەخۆیی گەلی کوردە لە کەسێیتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالاندا، پێمان وایە فەلسەفەی ئۆجالان فەلسەفەی ئازادییە بەرامبەر بەو جیهانە تاریکەی، کە ئەمڕۆ دونیای کردووە بە دۆزەخ، ڕێبەرانی ئەو دۆزەخەش نەوەستاون و گۆشەگیریی لە سەر ڕێبەر ئۆجالان بەڕێوە دەبەن.

لە درێژەى ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بە چالاکی مانگرتنى لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکى کەجەدە، درابوو، کە ماوەى ٩٤ ڕۆژە دژى گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، دەستى بەمانگرتنى بێسنور لە خواردن کردووە و وترابوو: لەیلا گوڤەن بەو چالاکییەی ڕووبەڕووی وەها سیاسەتێک بووەتەوە بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیریی ئیمرالی، کە بۆخۆی ئەوە گۆشەگیرکردنی کێشەی کوردە، ئەو دایکە مەزنە چرکە بە چرکە گیانی خۆی فیدا دەکات و پێشەنگایەتی ئێمەی گەلی کورد دەکات.

لە کۆتاییدا ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە گەلى کورد بەگشتى و هونەرمەندان بەتایبەتى کرابوو، کە دژى گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ناڕەزایەتى دەربڕن و چالاکى ئەنجام بدەن.

د.ع