دووشەممە, 1 يون 2020 – 15:11 ڕۆژنیوز – سلێمانی
https://youtu.be/mSX7q4x1utU?t=192″>
بە بڕیارێک وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هۆی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە نێوان هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان لە ٣١-٥-٢٠٢٠ تا ٦-٦-٢٠٢٠ قەدەغەی هاتووچۆی تەواو ڕاگەیاند و بڕیارەکەش لە کاتژمێر ٠٦:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
کەژان حسێن کە شاگردی خواردنگەیەکی کریپ نۆتێلا بوو، سەبارەت بەم بڕیارە نیگەرانی خۆیی دەربڕی و وتی: ژیانی هەموو کەسێک لەم دۆخەدا ناخۆش و پڕ لە مەینەتییە، ئەم کەرەنتینەیەش لە کاتێکدایە کە دۆخی بازاڕ خراپە و حکومەتێکی گونجاویشمان نییە، وەک چۆن مووچە نییە ئەوە کاسپیەکەش نییە، هەموومان ئەرکمان لە سەرشانە.
دلێر محەمەد، کە شۆفێری پاسە بە هەمان شێوە وتی: ئێمە لەمانگێکدا ١٥ ڕۆژ کاردەکەین، بۆیە شۆفێر هەیە کە بژێوی ژیانی لە سەر ئەم کارەیە و خەتەکەی کرێیە، ڕۆژانەش ٢٠-٣٠یشی دەست دەکەوێت کە مانگانە دەکات نزیکەی ٤٠٠ هەزار و دەبێت کرێی خانو، خەرجی ڕۆژانە و هەمووی لێدابین بکات.
ئەحمەد فاتیح یەکێکی دیکەیە لە کاسبکارەکانی ناو بازاڕ و ڕۆژانە لە دوکانێکی لەفە فرۆشیی کار دەکات، ئەویش وەک زۆرێک لە خەڵک بێزاربوونی خۆیی لەم دۆخە دەربڕی، ئاماژەی بەوەکرد کە بژێوی ژیانیان لە سەر ئەو کارەیە و “نەیکەین خۆ دواتر پارە بە سەرماندا نابارێت”.
لە پاڵ هەموو پیشەکانی دیکەدا، بەشێکی زۆر لە نانەواخانە و سەمونخانەکان لە ناوجەرگەی بازاڕدایە و بە چەندین کرێکار کاری تێدا دەکات، یەکێک لەو کرێکارانە شوان عەتایە و دەڵێت: ئەم کەرەنتینە زیانێکی زۆری بۆمان هەیە، دوو ڕۆژ کاردەکەین و مانگێک لە ماڵین، بەڕاستی کرێچییەکانیش نازانن لە کوێ کرێی خانوو دابین بکەن و حکومەتیش ڕچاوی هیچ نەکات و ژیان دابین نەکات بۆ خەڵکەکەی ژیان نییە، هەر بە کۆرۆنا بمرین باشترە!.
رێبەند عەلی-یش کە کاری میوەفرۆشییە، باسی لەوەکرد کە هاوڵاتی کەوتووەتە نێوان دوو ڕێگاوە، ئەگەر کەرەنتینە بکرێت برسی دەبێت و ئەگەر لە دەریشەوە بێت بە نەخۆشی دەمرێت، ڕێگا چارەسەریش، هاوکاریکردنی حکومەتە بۆ خەڵک، ئەویش دەڵێت ناتوانم.
هەروەها نێچیر خەلیل هاوڵاتییەکە و دەڵێت: ئەم بڕیارە چونکە دووەم جارە، خەڵک نائومێد دەبێت و ناتوانێت باوەڕ بەوە بێنێت کە شتێک لە ئارادایە، بەتایبەت ئێستا کە باسی بێ مووچەیی دەکرێت حکومەت ئەم بڕیارەی دەرکردووە وەک وەڵامێک، لە لایەکی دیکەشەوە ترس هەیە کە وەک وڵاتانی دیکەمان لێبەسەر بێت.
س.ح