پێنجشەممە, 11 يون 2020 – 18:52 ڕۆژنیوز – سلێمانی
https://youtu.be/RBjf_WNoyG8″>
ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی، دژی ھەموو ھەوڵە داگیرکارییەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر و ھێرشەکانی سەر لەیلا گوڤەن و زەینەب جەلالیان و دەستدرێژی لەسەر ژنانی عەفرین و زیادبوونی تووندوتیژییەکانی سەر ژنانی باشوری کوردستان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک گردبوونەوەیەکیان ڕێکخست.
ژمارەیەک لە ژنانی هەرچوار پارچەی کوردستان و چالاکوانانی مەدەنیی بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کردبوو، تێیدا وێنەی ژنە گیراوی سیاسیی کورد زەینەب جەلالیان و ژنانی شەهیدکراوی عەفرینیان بەرزکردبووەوە و دروشمی “ژن ژیان ئازادییان دەوتەوە”.
سەرەتای گردبووەنەوەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان بانو هەڵەبجەیی، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان وتاری گردبوونەوەکەی پێشکەشکرد و وتی: وێڕای شەرمەزاركردنی تەواوی هێرش و داگیركاریی و قڕكردنی سیاسی و دەستدرێژیكردنە سەر ژنان، پێمان وایە داگیركەران لە ڕێگەی هێرش لەسەر ژنان دەیانەوێت تەواوی كۆمەڵگا داگیربكەن، زۆر گرنگە كە ئێمەی ژنانیش بەهەموو هێز و توانای خۆمانەوە خاوەندارێتی لە هەموو سیمبولانی ژنانی شۆرشگێر بکەین و هەموومان بیینە قەڵغان لەدژی هەموو داگیركاری و هێرشەكان.
داواشی لە هەموو ژنانیش کرد بێدەنگی بشكێنن و وتی: وەرن هەموومان بەیەكەوە ڕووبەڕووی هەموو هێرشەكان ببینەوە و بەچالاكی دیموكراتیانەی جەماوەری ژنانە تێكۆشان بڵند بكەین و كۆتایی بەداگیركاری و ژن كوشتن بهێنین، بەم شێوەیە دەتوانین خاوەندارێتی لە شەهیدانمان و هەموو پێشەنگەكان بكەین.
هەر لە گردبووەکەدا، وتاری کۆمیتەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوری کوردستان لەلایەن شەهلا محەمەدی، ئەندامی کۆمیتەکەوە پێشکەشکرا و تێیدا هاتبوو: بانگ لە هەموو کەسانی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست و ڕۆشنبیران و کۆمەڵگەی مەدەنیی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، کە لەبەرامبەر دۆخی زیندانیانی سیاسیی لە زیندانەکانی ئێران بێدەنگ نەبن و هەنگاوی کرداریی هەڵگرن، چونکە بێدەنگیمان خزمەت بە سیستمی قڕکەر دەکات.