سلێمانی، ئێزدییەکانی کامپی ئاشتی لە دۆخێکی خراپدا دەژین

پەنابەرانی ئێزدی لە کامپی ئاشتی لە سنوری سلێمانی لە دۆخێکی خراپدا دەژین و خوازیاری گەڕانەوەن بۆ زیدی خۆیان، بەڵام بەهۆی لە دەستدانی ماڵوحاڵیان، کە لە لایەن داعشەوە وێران کراوە، ناتوانن بگەڕێنەوە، ئەوان داوای هاوکاریی دەکەن.


لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی ئێزدی هەن، کە لە ساڵی ٢٠١٤وە بەهۆی هێرشی چەتەکانی داعش و داگیرکردن و کاولکردنی شوێنی نیشتەجیبونیانەوە لە لایەن چەتەکانی داعشوە، ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون و بەشێکیان لە کامپی ئاشتی سەر بە شارەدێی عەربەت سەر بە پارێزگای سلێمانی، نیشتەجێ بوونە.

پەنابەرانی ئێزدی لە کامپی ئاشتی پێکهاتوون لە ٢٠٠ خێزانی ئێزدی، کە خەڵکی شەنگالن، بەڵام ئەوان ژیانیان بە زەحمەتیی تیپەڕدەکەن و هیچ لایەنێک لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارییان ناکات، دانیشتوانی ئەو کامپە لە زستان و هاویندا لەناو چادردا دەژین.

نەعم عەلی، تەمەن ٦٠ ساڵ، ماوەی پێنج ساڵە لەو کامپەدا نیشتەجێ بووە و لەگەڵ کوڕەکانی دەژی، لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش، تل قەسەب و ماڵەکەیان بەجێهێشتووە و لە ترسی کۆمەڵکوژییەکانی داعش ڕایانکردووە، دەربارەی بارودۆخیان لەناو ئەو کامپە، نەعم وتی: ژیانی کامپ زۆر ناخۆشە و خوازیارین کە لە ئێرە نەجاتمان بێت، هەروەها ماوەیەکی زۆرە هیچ پێداویستییەکەمان لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پێنەگەیشتووە.

نازدار حاجی، تەمەن ٣٢ ساڵ، ئێزدییەکی دیکەی کامپەکەیە و ماوەی چوار ساڵە لەو کامپە دەژی، باسی لەوە کرد، کە بارودۆخیان زۆر خراپە و لە ڕووی مادییەوە زۆر زەحمەتی دەبینن، ئەو داوای هاوکاری کرد و وتی: وا گەرمای هاوینیش دێت و ئێمە هیچ فێنککەرەوەیەکمان نییە، هەروەها جاران کە بڕێک پارەی مانگانەمان هەبوو، دەمانتوانی خواردن و پێداویستی بکڕین، بەڵام ئێستا ئەوەش نەماوە.

بەشێک لە ئەندامانی ئەو خێزانە ئێزدیانە، ڕۆژانە ڕوو لە شارە گەورەکان دەکەن و کاری شاگردیی و کرێکاریی دەکەن. پەنابەرانی ئێزدی، لە ماوەی پێشوودا لە لایەن کۆمەڵێک کەس و لایەنەوە هاوکاری دەکران، بە دابینکردنی خۆراک و بڕێک پارە، بەڵام وا بۆ چوار مانگ زیاترە، وەک خۆیان ئاماژەی پێدەدەن هیچ یەک لەو هاوکارییانەیان پێناگات و بڕاوە.

جێگای ئاماژەیە کامپی ئاشتی لە نزیک شارەدێی عەربەت سەربە پارێزگای سلێمانی، زیاتر لە ٨٠٠ خێزانی تێدایە لە کوردانی ئێزدی و شەبەک و عەرەب و توکمان، بەڵام نزیکەی ٢٠٠ خێزانیان کوردی ئێزدیین.

ک.ک