سلێمانی، سێ ڕۆژە هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا تۆمار نەکراوە

هەرچەندە لە سنووری پارێزگای سلێمانیی و هەولێر تووشبوون بە کۆرۆنا بەردەوام تۆمار کراوە، بەڵام لە سەنتەری شاری سلێمانیدا سێ ڕۆژە هیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا تۆمار نەکراوە، ئەوانەشی لە نەخۆشخانەکاندان تەندروستیان جێگیرە.


دوو ڕۆژی ڕابردوو لە سەنتەری سلێمانیدا هیچ حاڵەتێکی کۆرنا تۆمار نەکراوە و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کە پێدەنێتە ڕۆژی سێیەمەوە، هیچ حاڵەتێکی نوێ تۆمار نەکراوە.

د.هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، دەرەبارەی نوێترین حاڵەتەکانی شارەکە بە ڕۆژنیوزی وت، دوێنێ و پێرێ'ش هیچ حاڵەتێکی نوێ لە سلێمانیدا تۆمار نەکراوە، ئەوانەی هەبوون لە شارۆچکەکانی دەربەندیخان و چەمچەماڵ بوون، کە دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە، "ئەمڕۆش هیچ حاڵەتێکی نوێ تائێستا تۆمار نەکراوە".

دەربارەی دۆخی تەندروستی تووشبووان د. هێرش وتی، بەگشتی دۆخیان باشە تەندروستیی تووشبووان جێگرە.

ئەمە لە کاتێکدایە، تا ئێستا ١٠٣ هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنابوون و لە نیویاندا دوو مردن و ٢٢ چاکبوونەوە هەیە.

س.ح