سلێمانی، سەردانی لایەنەکان بۆ نوێنەرایەتیی ڕۆژئاوا بەردەوامە

سەردانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان بۆ نوێنەرایەتیی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری سلێمانی بەردەوامە، لەو چوارچێوەیەشدا هەردوو پارتی سەوزی هەرێمی کوردستان و پارتی پێشکەوتنخوازی کوردی سوریا سەردانی نوێنەرایەتییەکەیان کرد.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شاندی پارتی سەوزی کوردستان و پارتی پێشکەوتنخوازی کوردی سوریا بەجیا لە شاری سلێمانی، سەردانی نوێنەرایەتیی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد.

هەردوو شاندەکە لە میانەی سەردانەکانیاندا، پشیتوانیی خۆیان بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەربڕی و ئیدانەی ئەو داگیرکارییانەشیان کرد، کە دەوڵەتی تورک لەسەر کوردستان بەگشتیی و ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەت بەڕێوەی دەبات.

هاوکات ئامادەیی خۆشیان بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕی و جەختیان کردەوە، کە هەرچییەک بەوان بکرێت ئامادەن.

هەر ئەمڕۆش شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، لێپرسراوی ناوەندی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی نوێنەرایەتیی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کرد و لە میانی وتەیەکیشدا، جەختیکردەوە کە پێویستە لەم قۆناغەدا لایەنە کوردییەکان کێشەکانیان بخەنە لاوە و بەیەک دەست پشتیوانیی ڕۆژئاوای کوردستان بکەن.

ش.ف