سلێمانی، شاندێکی پادێ لەگەڵ پەیەدە کۆبوونەوە

شاندێکی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدییان-پادێ لە شاری سلێمانی لەگەڵ نوێنەرایەتی پەیەدە لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و تاوتوێ دۆخی ناوچەکە و یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و گەڕانەوەی ئاوارەکانی شەنگالیان کرد.


ئێوارەی ئەمڕۆ شاندێکی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدییان-پادێ لە شاری سلێمانی لەگەڵ نوێنەرایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

عومەر ساڵح، هاوسەرۆکی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدییان سەرۆکایەتیی شاندەکەی پادێ-ی دەکرد و لەلایەن شاندێکی نوێنەرایەتیی پەیەدە و کۆنگرە ستارەوە بە سەرۆکایەتیی سلێمان عەرەب، نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێکرا.

دوای کۆبوونەوەکەش عومەر ساڵح، هاوسەرۆکی پادێ بە ڕۆژنیوزی وت: بەمەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان سەردانی شاری سلێمانیمان کردووە و لەو چوارچێوەیەشدا سەردانی پەیەدەمان کرد، مەبەستیشمان کارکردنی هاوبەشە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی شەنگال لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ زێدی خۆیان.

لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمڕۆی دەوڵەتی تورکیشەوە بۆ سەر شەنگال، هاوسەرۆکی پادێ وتی: ئەمە جاری یەکەم نییە دەوڵەتی تورک هێرشی لەوشێوەیە ئەنجامدەدات، تورکیا دوژمنی ڕیشەیی کوردە، نایەوێت ئارامیی لە کوردستان و بەتایبەت لە شەنگال پێکبێت، بۆ ئەوەی خەڵکی شەنگال نەتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

هەروەها، سلێمان عەرەب، هاوسەرۆکی پەیەدە بە ڕۆژنیوزی وت: پێویستە ئەو سیستمەی لە شەنگال بە ڕەنجێکی گەورە دامەزراوە ببێتە هەمیشەیی و بەفەرمی دانی پێدابنرێت، بۆ ئەوەش جەختمان لە پێویستیی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد بەگشتیی و یەکێتیی شەنگال بەتایبەت کردەوە.

د.ع