سلێمانی، مانگرتن بەردەوامە و مانگران ئومێدیان بەسەرکەوتنی چالاکییەکەیانە

گروپێکی نوێ بەشداری مانگرتنی کۆمەڵەکەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا بوون لە سلێمانی و جەختیان لە بەردەوامیدان بە مانگرتنەکەیان کردەوە، تا شکاندنی یەکجارەکیی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، مانگرتوویەکیش ڕایگەیاند، سەرکەوتنیان نزیکە و سەردەکەون.


ئێوارەی ئەمڕۆ، گروپی ٨٠ـەمین بەشداریی مانگرتنی کۆمەڵەکەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا بوون لە شاری سلێمانی، کە ۱٥۸ ڕۆژە دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە بەردەوامە.

زارا ئەحمەد، ژنێکی شاری سلێمانییە و بەشداریی لە مانگرتنەکەدا کرد، بۆ ڕۆژنیوز، وتی: ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر مانگرتن هەتا گۆشەگیریی لەسەر ڕێبەر ئاپۆ هەڵدەگیرێت، ئومێدیشمان بە سەرکەوتنی چالاکییەکەمان هەیە و سەرکەوتن نزیکە.

داواشی لە هەموو ژنان کرد، کە بەشداریی و پشتیوانیی ئەم مانگرتنانە بکەن، "چونکە گۆشەگیریی تەنها لەسەر ڕێبەر ئاپۆ نییە، بەڵکو لەسەر گەلەکەمان و لەسەر تەواوی ژنانە".

هاوکات لە ڕۆژی ۱٤ی ئەم مانگەشەوە، هەر لە کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا لە سلێمانی، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری جۆلەمێرگی باکوری کوردستان بە ناوی مەروان مەمدوح ئۆزدەمیر، دژ بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان مانگرتن تا مردن-ی لە خواردن ڕایگەیاندووە.

س.ح