سلێمانی، چالاکییەکی هۆشیاری دژی خۆکوشتن بەڕێوەچوو

لەڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خۆکوشتن، چالاکیەکی هۆشیاری دژی خۆکوشتن لەبەردەم باخی گشتی لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو.


ئەمڕۆ لەبەردەم باخی گشتی لەشاری سلێمانی، بەهاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوی تاکو بۆ پرسە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان چالاکیەکی هۆشیاری لەدژی خۆکوشتن بەڕێوەچوو.

چالاکییەکە بە بەشداری کەسایەتی، هونەرمەندان، پەرلەمانتاران و ڕێکخراوەکان بە شێوەی کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەچوو، هاوکات لەنێو ئامادەبوواندا دروشمەکانی "پێکەوە کارکردن لە پێناو ڕێگریکردن لە خۆکوشتن"،" نا بۆ خۆکوشتن"و "ئازایەتی لە ژیاندایە نەک خۆکوشتن '' بەرزکرابوونەوە.

سەرەتای چالاکییەکە، ئازاد محەمەد سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوە کرد، بۆکەمکردنەوەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن بەتایبەت ئەرکی زانکۆکان و لایەنی پەروەردەیە کە دەتوانن ڕۆڵ ببینن و کاریگەری سەرەکیان هەبێت بۆ سەر تاکەکان ،وتیشی" هیوادارم ئەم حاڵەتانە بنەبڕ بکرێت، لە کەمکردنەوەی دیاردەی خۆکوشتن".

دواتر عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی وتی:" هیوادارم مامۆستایانی ئایینی باشتر ڕۆڵ ببینن و زۆرێک لە ڕێکخراو و ناوەند و تەنانەت خەڵک بە گشتی دەتوانن ڕێگربن لە بەردەم حاڵەتەکانی خۆکوشتن، کە بە خۆشحاڵییەوە نەبووەتە دیاردە".

گوڵپی سەرنجی خستە سەر هۆکارەکانی خۆکوشتن و ڕۆڵی میدیاکان لە لە کەمکردنەوەو سنوردارکردنی ئەو حاڵەتەو وتی:" میدیاکان ڕۆڵی گەورەیان هەیە و هەندێ ڕاپۆرت کاریگەری نەرێنی هەیە لە سەر تێڕوانینی کۆمەڵگا، بۆیە دەزگای ڕاگەیاندن دەبێت بەرپرسانە مامەڵە بکەن و شتێک نەکەن کە کاریگەری نەرێنی هەبێت".

 پاشان سەرکەوت ئەحمەدی وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی و چەند کەسێکی دیکە وتەیان لە چوارچێوەی چالاکیەکە پێشکەش کرد و بە بڵاوکردنەوەی نووسراوێکی هۆشیاری کە باس لە حاڵەتی خۆکوشتن و هۆکارەکان و پێش گرتن لە خۆکوشتن کرابوو،چالاکیەکە کۆتایی هات.

ب.ش