لەدوێنێوە چوار ڕۆژنامەنووس لە شاری سلێمانی دەستگیرکراون، هەریەک لە ‘بەرهەم لەتیف و بڕوا ئەسعەد’ پەیامنێرانی ڕۆژنیوز لەناو دەستگیرکراواندان.
ئێوارەی دوێنێ لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانەکانی شاری سلێمانیدا، هەریەک لە پەیامنێرانی ڕۆژنیوز ‘بەرهەم لەتیف’ و ‘بڕوا ئەسعەد’، پەیوەندییان پچڕا و شوێن بزر بوون.
ئەمڕۆ هەریەک لە کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکییکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، دڵنیایان کردینەوە، کە دەستگیرکراون.
میترۆ و سەندیکا زانیاریی ئەوەشیان دا، کە جگە لە دوو پەیامنیرەکەی ڕۆژنیوز، هەریەک لە عەباس محەمەد لە کەناڵی بەغدادیە و ڕاژان ماجد لە کەناڵی ئەشراقی عەرەبیی، دەستگیر کراون و لەسەر هێڵن بۆ ئازادکردنیان.
ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: دوێنێ ئەو چوار ڕۆژنامەنووسە شوێن بزر بوون، دوای پەیوەندییکردن و بەدواداچوون، بۆمان دەرکەوت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، وتیشی: پەیوەندییمان بە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کردووە و بەبیرمان هێناوەتەوە، کە قوباد تاڵەبانی چەندین جار داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردووە، ناکرێت ڕۆژنامەنووس لەسەر کارەکەی زیندانیی بکرێت.
ڕەحمان غەریب، وتیشی: چاوەڕوان دەکەین، ئەمڕۆ ئازادیان بکەین.
هەروەها کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بە ڕۆژنیوز وت: لەسەر هێڵین و لەگەڵ لایەنە پەیوەندییدارەکان لە پەیوەندیی بەردەووامداین بۆ ئازاد کردنیان.
جێگای ئاماژەیە، تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکیی ‘تیمی ئاشتیپارێزی کرستیان’یش لەسەر هێڵە بۆ ئازادکردنی پەیامنێرانی ڕۆژنیوز، هەروەها دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکوان لەڕێگای نامەیەکەوە بە زمانیی ئینگلیزیی و ئیتاڵیی و کوردیی، هەریەک لە یەکێتی ئەوروپا، پەرلەمانی ئیتاڵیا سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی ئیتاڵیا، سی پی جەی، ئەمنستی ئەنتەر ناشناڵ و پەیامنێرانی بێسنوور-یان لە دەستگیرکردنی پەیامنیرەکانمان ئاگادارکردووەتەوە.
ش.ف