سلێمانی، یادی شەهیدانی پاریس و ئەحلام مەنسوور و ڕۆزا لوکسەمبورگ کرایەوە

بە مەراسیمێکی شکۆدار لە شاری سلێمانی، یادی هەرسێ ژنە تێکۆشەری کورد ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز و ژنە ڕووناکبیر ئەحلام مەنسوور و تێکۆشەری سۆسیالیست ڕۆزا لوکسەمبورگ کرایەوە، تێیدا خەڵاتی ژنانی شۆڕشگێڕیش بەخشرا.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی ئازادیی لە شاری سلێمانی، کەمپەینی "دژی داگیرکاریی و ژنکووشتن بێدەنگیی بشکێنە" مەراسیمێکی بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدبوون و کۆچی دوایی ژمارەیەک ژنی شۆڕشگێڕ و ڕووناکبیر و تێکۆشەری کورد و پۆڵەندی ڕێکخست.

مەراسیمەکە بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژە جیاجیاکان بەڕێوەچوو، دوای خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان، ژمارەیەک مۆم لەلایەن کەسوکاری شەهیدانەوە داگیرسێندران.

پاشان ژیاننامەی هەریەکە لە ساکینە جانسز، فیدان دۆغان، لەیلا شایلەمەز، ئەحلام مەنسوور و ڕۆزا لوکسەمبورگ خوێندرایەوە، دواتریش لەڕێگای داتاشۆوە دوو دۆکیۆمێنتاری لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهیدانی پاریس و ئەحلام مەنسوور نمایشکران.

هەر لە مەراسیمەکەدا وتاری کەمپەینی "دژی داگیرکاریی و ژنکوشتن بێدەنگیی بشکێنە" لەلایەن دکتۆر ویژدان نوورەدین، ئەندامی کەمپەینەکەوە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: شەهیدانی پاریس نەک بە جەستە لەگەڵمان نەمان، بەڵکو بوون بە بورکانی هەڵگیرسانی شۆڕشی ژنان و شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا، بوونە ورە و باوەڕمەندیی گەل لە هەڵمەتی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیدا.

هەروەها هاتبوو: بەرهەمی ئەم ژنە شۆڕشگێڕانە بوو، کە ئەوەتا لە کوردستاندا شۆڕشی ژنان گەورەترین ڕۆڵ دەگێڕن و بوونەتە پێشەنگی پێشەنگایەتییکردنی هەموو ژنانی جیهان، ڕۆزا، ساکینە، پاکیزە و ئەحلامەکان نەبوونایە، ئەمڕۆ بەوڕادەیە کۆمەڵگاکەمان نەدەگەیشتە ئەو ئاستەی، کە هەموو جیهان شانازیی پێوەبکات.

لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا وتاری کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان خوێندرایەوە، هاوکات چەند بروسکەیەکیش ئاراستەی مەراسیمەکە کران.

پاشان خەڵاتی ژنانی شۆڕشگێڕ کە لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک'ـەوە ئامادەکرابوو، بەخشرایە دکتۆرە وەهبییە شەوکەت، ژنە چالاکوان و ڕووناکبیری لەدایکبووی شارۆچکەی خورماتووی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین.

خەڵاتەکە لەلایەن دایکی شەهید دیار غەریبەوە بەخشرایە دکتۆرە وەهبییە، دوای وەرگرتنی خەڵاتەکەش د.وەهبییە شەوکەت وتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە چەند یەکتربینینێکی خۆی و شەهید ساکینە جانسزی کرد.

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەریی چەند گۆرانیی و بەرهەمێکی هونەرییان پێشکەشکرد، هەروەها چەند پارچە هۆنراوەیەکیش خوێندرانەوە.

س.ح