نوسەر و چالاکوانێکی بواری جینۆساید، ستایشی ڕۆڵی شۆڕشی پەکەکە دەکات و دەڵێت: پەکەکە توانی شوناس، ئەخلاق و بەهایەکی نوێ ببەخشێت بە کورد و متمانەی کوردبوونی بۆ تاکی کورد گەڕاندەوە و دەشڵێت: ڕێبەر ئۆجالان شوناسی ملیۆنان کوردی گەڕاندووەتەوە، کە پێشتر هیچ هەستێکیان نەبووە بەرامبەر بە مێژوو، کلتور و شوناسی خۆیان.
شۆڕشی گەلی کورد و گەلانی بندەست بە پێشەنگایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، پێدەنێتە ناو ٤٤مین ساڵەی خەبات و تێکۆشانییەوە، بۆ ئەم مەبەستە سمکۆ سابیر، نوسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، باس لەو فۆرم و بەهایانە دەکات کە ئەم شۆڕشە بە گەلی کوردی بەخشیوە.
سمکۆ سابیر، نوسەر و چالاکوانی بواری جینۆساید بە ڕۆژنیوزی وت: پەکەکە سنوری حزبی کلاسیکی کوردی تێپەڕاند، بە پەیام و جۆش و خرۆشێکی نوێوە هات، بە بەهایەکی سیاسی هاوچەرخەوە هاتە نێو کایەی کۆمەڵگای کوردی، بەتێگەشتنێکی نوێوە بۆ ئەخلاق، شوناس و کوردایەتی و گێڕانەوەی هەموو ئەو خاوەندارێتییەی کە لە ڕابردوودا لەدەستمان دابوو، ئەم پارتە توانی شوناس، ئەخلاق و بەهایەکی نوێ جیا لەوانی پێشووتر ببەخشێت بە کورد، کەواتە ئەتوانین بڵێین پەکەکە شکستی بە شکستهێنا.
لەبارەی ئایدۆلۆژیای ئەو پارتەوە وتی: پەکەکە بەرهەمی فکر و فەلسەفە و ئایدۆلۆژیایەکی زۆر قوڵ و مەزنە، بۆیە شۆڕشەکەشی بە دەرئەنجامێکی مەزن دەگات، ئێمە هەمیشە بەرامبەر دوژمنان لە چۆکدابووین و سەرمان نەوی بوو، بەڵام پەکەکە توانی سەری میللەتی کورد بەرزبکاتەوە، جاران دەمانوت “یان ئەمرین یان سەردەکەوین”، بەڵام پەکەکە ئەم دروشمەی گۆڕی بە “یان سەرکەوتن یان سەرکەوتن” واتا لە شۆڕشدا نابێت کۆڵبدەین و دەرفەت بە دوژمنان بدەین کە لاوازمان بکەن.
ئەو نوسەرە باس لە تێزەکانی ڕێبەر ئۆجالان دەکات لەبارەی جینۆسایدەوە و دەڵێت: ڕێبەر ئۆجالان تێگەیشتنێکی تازەی بۆ جینۆساید هێنایە ئاراوە، لەوە بەئاگای هێناینەوە کە قوڵترین جۆری جینۆساید “جینۆسایدی کلتورییە”، کە دوژمنانی گەلەکەمان بەتایبەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک چەند بەقوڵی ئەم فۆرمەی جینۆساید پەیڕەودەکات دژی گەلەکەمان، بە سڕینەوەی شوناس، کلتور، زمان و فەرهەنگی ئێمە.
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی:پەکەکە لە فکر و فەلسەفەی خۆیدا بەهایەکی مەزنی بۆ شەهید گێڕاوەتەوە، پێیوایە کە شەهیدان خاوەنی ڕاستەقینەی هەموو شتێکن و بوون و ئازادیی ئێمەن، بۆیە تێدەگەین لەوەی کە ڕێبەر ئۆجالان شوناسی ملیۆنان کوردی گەڕاندووەتەوە، کە پێشتر هیچ هەستێکیان نەبووە بەرامبەر بە مێژوو، کلتور و شوناسی خۆیان، گێڕانەوەی متمانەی کوردبوون لای تاک، هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن کە پەکەکە جێگای شانازییە و سەرکەوتنی لە ئایندەیەکی نزیکدا دەردەکەوێت.
س. س