سنە، لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا ١٣ کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان بارهەڵگرێکی سووتەمەنی و پاسێک، لە بەردەم گەراجی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٣ هاوڵاتی گیانیان لە دەستدا.


شەوی ڕابردوو کاتژمێڕ ١٢:٠٠ لە شەقامی حسێنیی نزیک گەراجی شاری سنە-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بارهەڵگرێکی سووتەمەنی و پاسێکی گەشتیاریی خۆیان بەیەکدا کێشا و بارهەڵگرەکە تەقییەوە.

سالح زەندی، جێگری ناوەندی ئاگرکوژێنەوەی سنە بە ئاژانسە هەواڵییە ئێرانییەکانی وتووە، کە ١٣ تەرم دراوە بە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە، کە ١٢یان لە پاسەکەدا بوون و  یەکی دیکەش لە بارهەڵگرەکەدا.

ڕاشیگەیاندووە، کە لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا دوو ئۆتۆمبێلی دیکە لە نزیک تەقینەوەکە سووتاون ولەناوچوون.

بارهەڵگرەکە ١٨ هەزار لیتر مادەی سووتەمەنیی پێبووە.

ڕاگەیەندراوە، کە شۆفێر و شاگردی شۆفێری بارهەڵگرەکە زیندوون.

 

ش.ف