سنە و کەرکوک و بۆتان لە مانگرتن یەکیان گرت

هاووڵاتیانی سنە، کەرکوک و بۆتان لە چالاکیی مانگرتن لەخواردنی سلێمانی یەکیان گرتەوە، ئەو چالاکوانانە کە چیرۆکی سەرنجڕاکێشیان هەیە، لە خاڵی بەرخۆدان، ئازادیی و یەکێتی-دا، خاوەن هەستێکی هاوبەشن.


چالاکیی مانگرتن لەخواردنی سلێمانی کە لە دژی گۆشەگیریی ڕەهای سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە و بە ئامانجی پشتیوانی لە لەیلا گوڤەن دەستیپێکردووە، لە ٦٠ـەمین ڕۆژیدا بەردەوامە، چالاکوانان باوەڕیان وایە کە بێگومان چالاکییەکەیان سەردەکەوێت، وتەی هاوبەشی چالاکوانانی سلێمانی ئەوەیە "ئێمە هێز لە هەڤاڵانی بەرخۆدێرمان دەگرین".

ڕۆژانە کاتی بەرخۆدێرانی مانگرتوو بە فێرۆ ناڕوات، لە بەیانی تا ئێوارە خەریکی پێشوازی لە میوانەکانن، کاتێک ئێمە سەردانی چالاکییەکەمان کرد، ئەوان خەریکی باسێکی گەرم لەسەر پێشخستنی زمانی کوردیی بوون، بەهۆی ئەوەی هاوڵاتیان لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەشداری ئەو چالاکییە دەبن، باسەکانیان زیاتر لەسەر گرنگی یەکێتی نەتەوەیی واتای ئازادیی ئۆجالان بۆ گەلی کوردە، ئەمجارەش بەهۆی ئەوەی چالاکوانان لە سێ بەشی کوردستان بەشداربوون، باسەکە دەوڵەمەندتر بەڕێوە دەچێت.

ئەو کاتانەش میوان نییە، چالاکوانان کاتەکانیان بە خوێندنەوەی کتێب بەسەر دەبەن، لە کتێبخانەکەش، کتێبەکانی ئۆجالان و کتێب لەسەر بەرخۆدانی پێشەنگەکانی گەلی کورد هەیە، لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکاندا چالاکوانان لەسەر مژارەکانی ئەو کتێبانە پێکەوە قسە و باس دەکەن.

لەناو هەفتەشدا بەڵگەفیلم و قسەکانی ئۆجالان تەماشا دەکەن، ئێستاش بەڵگەفیلمی "مێژوویەک لە ئاگر" تەماشا دەکەن، شەوانەش دوای گوێگرتن لە هەواڵەکان سەردانکردنی مانگرتووان زیاترە، دوای ئەوەش بە هاتنی گروپی موسیقای مشتەنور، بەرنامەیەکی هونەریی بەڕێوە دەچێت.

بریڤان شاهۆ، کە چالاکوانێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، دەڵێت: زۆرجار کە ژمارەی سەردانیکەران زیاد دەبێت، گۆرانی دەڵێینەوە، شانۆ و هەندێک چالاکی دیکە ئەنجام دەدەین.

بریڤان شاهۆ، خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و کچێکی هەیە، هاوسەرەکەی بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، بۆیە بەهۆی فشارەکانی ڕژێمی ئێران، کچەکەی لەگەڵ خۆی هێناوە و هاتووەتە باشوری کوردستان، ئێستاش یەکێک لە چالاکوانانی بەهێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لەڕیزی پێشەوەی هەموو چالاکییەکاندایە.

بریڤان بۆ دووەمین جارە کە بەشداریی لە چالاکیی مانگرتن لەخواردنی سلێمانی دەکات و دەم بە پێکەنینەوە دەڵێت: ئەو بەرخۆدانە سەر بە دووژمن دادەنوێنێت و بێگومان دەگاتە ئامانج. بریڤان بانگەوازیی لە هاوڵاتیانی سلێمانی و باشور دەکات کە بەرەولای چالاکوانانی هەولێر و سلێمانی بچن.

کامەران محەمەد کەرکوکی، کە ١٧ ساڵ پێشمەرگە بووە، ئێستا بۆ لابردنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان مانی لەخوارن گرتووە، مام کامەران مۆرالێکی بەرزی هەیە، بەهۆی خۆشەویستیی بۆ ئۆجالان ناوی کوڕەکەی ناوە ئۆجالان، مام کامەران دەڵێت کوڕەکەم ئێستا تەمەنی ٨ ساڵە و خوێندکارە، کاتێک لە خوێندنگا دەگەڕێتەوە سەردانمان دەکات، کاتێک لێرە هەڤڵانی بەشەکانی دیکە کوردستان دەبینم هەست دەکەم کە تەنیا نین و باوەڕم بەهێزتر دەبێت.

سەرتاب دەنیز کە خەڵکی جزیرەی بۆتانە لە باکوری کوردستان، لە بنەماڵەی بەدرخانیەکانە و بەهۆی فشارکانی ڕژێمی تورکیا ناچار بووە لە زێدی خۆی بێتە دەرەوە، چونکە دۆسییەی بۆ کراوەتەوە و سزای ٣٦ ساڵ زیندانی بۆ دەرکراوە، دەنیز دوو ساڵ لە زیندانەکانی تورکیا ماوەتەوە و دوایی ڕووی لە ئەوروپا ناوە، بەڵام ساڵی ٢٠١٤ لەسەر بانگی ئۆجالان گەڕاوەتەوە وڵات و بەشداری بەرخۆدانی کۆبانێ و گرێ سپی بووە، دوای ئازادکردنی کۆبانی، بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی خێزانەکەی ڕووی لە باشوری کوردستان کردووە و ئێستاش لەناو کار و خەبات و تێکۆشاندا جێی خۆی گرتووە.

سەرتاب دەنیز، دەڵێت: ئێمە وەک بنەماڵەی بەدرخانی خاوەنداریی لە ڕێبەرایەتییمان دەکەین و تا گۆشەگیریی نەشکێت چالاکییەکەمان بەردەوام دەکەین، هەستم وایە کە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ نزیک بووەتەوە.

لەناو قسەکاندا، تێدەگەین کە گەنجێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە شاری مەهاباد بۆ ئەوەی بەشداریی لەو چالاکییە بکات هاتووەتە باشوری کوردستان، ئەو کەسە کە ناوی هیوا-یە دەڵێت: دوێنی مانگرتنەکەم تەواو بوو، ئەمڕۆش بۆ سەردانی هەڤاڵانی مانگرتوو هاتووم، بەڵام پێش ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ ڕۆژهەڵات جارێکی دیکە بەشداریی لە مانگرتنەکە دەکەم، لە قسەکانی هیوادا بۆمان دەردەکەوێت کە خەڵکی مەهاباد بەدواداچوون بۆ چالاکییەکان دەکەن، هیوا دەڵێت: ئێمە وەک هاوڵاتیانی مهاباد شانازی بەو بەرخۆدانەوە دەکەین، کە بە پێشەنگایەتی لەیلا گوڤەن و ناسر یاگز دەستیپێکردووە.

هیوا هەروەها دەڵێت: پێویستە خەڵکی ڕۆژهەڵات بە شێوەیکی بەهێز بەشداری بەرخۆدانی چوارپارچەی کوردستان ببن و سیمبوڵێکی هاوبەشمان هەبێت، کاتێک پرسیمان ئەو سیمبولە هاوبەشە چییە؟ هیوا وەها وەڵامی داینەوە؛ "بۆ نموونە ئێمە دەتوانین لە شوێنی کارەکان، لە کۆڵانەکان هەر شوێنێکی دیکە ماسکی لەیلا گۆڤەن بەکار بێنین و بڵێین کە ئێمە هەموومان وەکو لەیلا بیر دەکەینەوە".

هیوا لە کۆتاییدا دەڵێت: پێویستە ئێمە بۆ منداڵەکانمان پاشەڕۆژێکی ئازاد بخولقێنین، بۆ ئەوەی شەرممان لێ نەکەن و شانازیمان پێوە بکەن، کلیلی پاشەڕۆژی ئازادییش لەدەستی ڕێبەر ئاپۆ-دایە و لە یەکێتی نەتەوەیی دەرباز دەبێت.

ش.ف