مێرووی سن لەناو گەنمی جوتیارانى دەشتی شارەزوور بڵاوبووەتەوە، جووتیاران دەڵێن، ئەو مێرووە مەترسی لەناوبردنی خستووەتە سەر بەرهەمى گەنمی ئەمساڵى ناوچەكەمان، بەرپرسانى کشتوکاڵى ناوچەکەش ئاماژەبەوەدەکەن: زیاتر لە یەک تۆن دەرمانی قڕكەری سون-مان بەسەر جوتیاراندا دابەشکردووە.
جیاواز لە گەرمیان و هەولێر، ئەمساڵ بەرهەمی گەنم لە شارەزوور باشە و وشکساڵیی زایانی زۆری پێنەگەیاندووە، بەڵام بڵاوبوونەوەی مێرووی سن، مەترسیی خستووەتە سەر بەرهەمەکان.
هەر جووتیارێک پێشتر دەرمان و قڕكەری بەكارهێنابێت، ئەوا گەنمەکەى سنى پێوە نەماوە، بەڵام ئەوانەی بەکاریان نەهێنابێت، زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
عومەر فەقێ ساڵح، جووتیارێکى دەشتی شارەزوورە وبە ڕۆژنیوزی وت: سن كەوتووەتە ناو گەنمى زۆرینەى جووتیاران، کە ئەوەش زیانێکى زۆر لە گەنمەکە دەدات و وایلێدەکات بەكەڵکى بەرهەمهێمانى نان نەیەت، تەنانەت سایلۆکانیش وەرى ناگرن و سەرەڕاى ئەوانەش بۆنى گەنمەکە زۆر ناخۆش دەبێت.

یەکەم ساڵ نییە مێرووی سن بڵاودەبێتەوە، جووتیارە بەتەمەنەکان بینیویانە، پێشتر لە هەندێ ساڵدا سن هەموو گەنمی جوتیارانى خواردووە.
ئەو جووتیارە وتیشی: گەنمی ئەمساڵ پڕ و جوانە، حكومەتیش بە مەبەستى لەناوبردنى مێرووى سن، بڕێكی كەم هاوكاری كردوین، کە ئەو هاوکارییش تەنها بە بەشێكی كەمی جووتیاران دراوە و بەشێکى زۆرى جووتیاران وەریان نەگرتووە.
هەرچەندە ئەمساڵ بەشێوەیەکى گشتى لە هەرێمى کوردستان بڕێکى زۆر باران نەبارى و لە هەریەکە لە ناوچەکانى گەرمیان و هەولێر وشکە ساڵى ڕاگەیەندران، بەڵام بەپێى ڕاگەیەندراوى بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵى هەڵەبجە، ئەمساڵ تا ڕۆژى ٤ ى ئایار، بڕى ٤١٠.٣ ملیمەتر باران لە پارێزگاى هەڵەبجە باریوە، کە ئەوەش بە راورد بە ساڵى ڕابردوو ١٥٣ ملیمەترى زیاترە.
عوسمان محەمەد، جووتیارێكی دیكەی دەشتی شارەزوورە و وتی: مێرووى جۆرى سن لەكاتی پێگەشتنى دەنكی گەنمەكەدا پەیدا دەبێت و دەدات لە گوڵی گەنمەكە، هەموو شیلەی دەنكەكانی دەخوات و لە ئێستاشدا، کە وادەى پێگەشتنى بەرهەمى ئەمساڵە لەناو گەنمى جووتیاراندا پەیدابووە.

دەشتى شارەزوورناوچەیەکى بەپیتە و زیاتر لە ٥٠٠ هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی بەراو و دێمى پێكدێت، سنوورەکەى لە دامێنی پارێزگاى هەڵەبجەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە شارەدێى عەربەت و ساڵانەش چەندین جۆرى جیاوازى بەرهەمی كشتوكاڵی تێدا دەكرێت، بەڵام وەک جووتیاران دەڵێن: بەهۆی بپێلانی حكومەتى هەرێمى کوردستان و ئاوڕنەدانەوە لە ناوچەکە، وەك پێویست سود لە خاک و بەرهەمەکەى وەرناگیرێت.
لەبارەى گرفتى جوتیارانى ناوچەکەوە شەریف مەحمود، لێپرسراوی بەشی پاراستنی بەروبوومی ڕووەك لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزى وت: ئەمساڵ مێرووى سن لەزۆربەی کێڵگەکانى گەنمى جوتیارانى ناوچەکەمان بوونى هەیە، لەکاتێکدا زیاتر لە ٥٢ هەزار دۆنم زەویی سنورەکەمان بە گەنم چینراوە.

ئەو بەرپرسەی كشتوكاڵى پارێزگاى هەڵەبجە سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ بنبڕکردنى مێرووەکە وتی: لە ئەمساڵدا توانیومانە زیاتر لە یەک تۆن دەرمانی قڕكەری تایبەت بە سن بەسەر جووتیارانى سنوورەکەمان دابەشبکەین، ئەو بڕەش کەمە و بەشمان ناكات، کە بتوانین بە تەواویى مێرووەکە بنبڕ بکەین.
مێرووی جۆرى سن یەكێكە لەمێرووە زیانبەخشەكان دەدات لە بەرهەمى گەنمى جوتیاران و وا لە گەنمەکە دەكات ڕێژەى باشیەکەى لە پلە یەکەوە داببەزێت بۆ پلەکانى دوو یان سێ، کە هەندێ جاریش وای لێدەکات وەرنەگیرێت و بەهۆى خراپى جۆرەکەیەوە ڕەتبکرێتەوە، چونكە دەنكی گەنمەكە شیلەى تێدا نامێنێت.
ئ.م