سوپای تورک ناوەندی هێڵی ئاوی ئامێدیی بۆردوومانکرد

سوپای تورک سێ ناوچەی مەدەنیی لە ئامێدی بۆردوومانکرد، کە بەنزینخانەیەک و ناوەندی هێڵی ئاوی هەموو ئامێدی لەو شوێنانە بوون.


بەپێی ئەو زانیاریانەی سەرچاوە هەرێمیەکان بە ڕۆژنیوزیان داوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک ئێوارەی دوێنێ، سێ ناوچەی ئامێدییان بۆردوومانکردووە، کە بە سەدان خەڵکی مەدەنی تێدا دەژین.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، کە فڕۆکەجەنگییەکان، گوندەکانی گوهەرز، ناوەندی گوندەکانی سەرگەل و کانێ کە دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکیی نێوان دهۆک، ئامێدی، شیلادزێ و دێرەلۆک، هەروەها ڕێگای چوونە ناوەوەی ناوچەی ئامێدی-یان بۆردوومان کردووە.

لە ئەو سێ شوێنەی کە بۆردوومان کراوە زیانێکی زۆر گەیشتووەتە ماڵ ومۆڵکی هاوڵاتیان، هەروەها لە ڕێگای چوونە ناوەوەی ناوچەی ئامێدی بەنزینخانەیەک و ناوەندی تۆڕی ئاویش کراونەتە ئامانج.

بەپێی زانیارییەکان ئەو تۆڕی ئاوە، ئاوی سەرسنگ، بامەڕنێ، قەدیش و هەموو ناوچەکانی ئامێدی دابین دەکات و زیانێکی زۆری پێبگەیشتووە.

س.ح