لەکاتێکدا ئامادەکاریی بۆ مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئەو دوو شەهیدەی یەبەشە دەکرێت، کە ئێوارەی دوێنێ لە بۆردوومانێکی سوپای تورکدا لە شەنگال شەهیدبوون، سوپای عێراق هێزێکی زۆری لە دەوروبەری ماڵی شەهیدەکان کۆکردووەتەوە و دەیەوێت دەستێوەردان لە مەراسیمەکەدا بکات.
بەیانی ئەمڕۆ تەرمی هەردوو شەهیدەکەی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال لە نەخۆشخانەی کۆمەڵگەی خانەسوور ڕادەستی کەسوکاریان کرایەوە، لە ئێستادا تەرمەکان لە ماڵی شەهیدەکانن و بڕیارە دوای ئەنجامدانی مەراسیمە ئاینییەکان، بگوازرێنەوە بۆ مەزارگەی شەهیدان بەرخۆدان و دڵگەش و بەخاکبسپێردرێن.
پەیامنێری ڕۆژنیوز لە شەنگال ڕایگەیاند، لەکاتێکدا تەرمی شەهیدەکان ڕادەستی خانەوادەکانیان کراوەتەوە، سوپای عێراق بەپاساوی پاراستنی تەرمەکانەوە هەوڵیداوە دەستێوەردان بکات و ئاژاوە بنێێتەوە، بەڵام ڕووبەڕووی هەڵوێستی تووند خانەوادەی شەهیدەکان و خەڵکی شەنگال بوونەوە و کشانەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، لەئێستادا سوپای عێراق هێزێکی زۆری لە دەوروبەری ماڵی دوو شەهیدەکە کۆکردووەتەوە و دیارنییە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا چی ڕوودەدات.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ جارێکی دیکە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشیانکردەوە سەر شەنگال و بەهۆیەوە دوو شەڕڤانی یەبەشە شەهیدبوون و دوو شەڕڤانی دیکەش برینداربوون.
ب.ل