سوپای لیبیا بنکەی فڕۆکە سیخوڕییەکانی تورکیای بۆردوومانکرد

سوپای نیشتمانی لیبیا بنکەکانی هێزەکانی حکومەتی ترابلوسی بۆردوومان کرد، ئەم بنکەیە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پشتیوانی دەکرێن، یەکێک لە بنکەکانی فڕۆکە سیخوڕییەکانی تورکیایە.


شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای نیشتمانی لیبیا بنکە سەربازییەکانی هێزەکانی حکومەتی ترابلوس-یان لە ڕۆژئاوای لیبیا لەگەڵ زانکۆی هێزی ئاسمانی حکومەتی ترابلوس و چەندین بنکەی دیکەی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکانیان بۆردوومانکرد.

بەپێی هەواڵێکی تەلەفزیۆنی 'عەرەبیە' سەرلەشکر محەمەد مەنفور وتەبێژی سوپای نیشتمانی لیبیا ڕایگەیاندووە: هێزەکانمان تا ئێستا ١٣ جار بنکەکانی چەکدارە ئیسلامییە توندڕەوەکانیان لە مسراتە بۆردوومان کردووە، بۆردوومانەکان زۆر بە وردی و سەرکەوتووانە ئەنجامدراوە.

مەنفور جەختی لەوە کردووەتەوە کە، "یەکێک لەو بنکانەی لە مسراتە کراوەتە ئامانج، کۆگای فڕۆکە سیخوڕیی و بێفڕۆکەوانەکانی تورکیایە، کە لە کۆنترۆڵی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکاندایە"، هەروەها وتوویەتی: چەندین کۆگای مووشەکیش لەم بۆردوومانەدا کراوەتە ئامانج و بە تەواوەتی ڕووخێندراوە.

د.ع