سکاڵا له‌سه‌ر به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی دابه‌شکردنی سوته‌مەنیی که‌رکوک تۆمار ده‌کرێت

هاوڵاتییەکی شاری که‌رکوک، له‌ به‌رامبه‌ر خراپی شێوازی دابه‌شکردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا، سکاڵای لەسەر به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی دابه‌شکردنی سوته‌مەنیی که‌رکوک تۆمار کردوە.


محەمەد جه‌لیل، کە پیشەی مامۆستایە، چەند ڕۆژێکە له‌ دادگای که‌رکوک و ده‌ستەی ده‌ستپاکی شاره‌که‌، سکاڵای له‌ دژی به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی دابه‌شکردنی سوته‌مه‌نیی که‌رکوک تۆمار کردوە، بەهۆی شێوازی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا.

محەمەد جه‌لیل، به‌ ڕۆژنیوزی وت: سه‌ره‌تا من سکاڵام له‌ دادگای لێکۆڵینه‌وەی که‌رکوک تۆمار کرد‌، پاشان دادوه‌ری تایبه‌ت سکاڵاکەی ڕه‌وانه‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاکی کرد، دواتر ده‌سته‌ی ده‌ستپاکی لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌ بابه‌ته‌که‌ کرد و کردیان به‌ ڕاپۆرتێک و به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان پێدام، که‌ به‌دواداچوون بۆ بابه‌ته‌که‌ بکه‌ن.

وتیشی: ڕۆژانه‌ هاوڵاتیان سکاڵای زۆر ده‌که‌ن ئه‌ویش له‌ ڕێگای ڕاگه‌یاندنه‌که‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن، بەڵام سکاڵاکەی من تایبه‌ته‌ به‌ چۆنێتی دابه‌شکردنی سوتەمەنی به‌سەر هاوڵاتیاندا له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی دابه‌شکردنی سوته‌مەنیی که‌رکوک، کە کەموکورتی و گەندەڵی لە دابەشکردنەکەدا هەیە.

ئەوەشی وت: کۆمه‌ڵێک زانیاری و به‌ڵگه‌ی وردم له‌ به‌رده‌سته‌ له‌سه‌ر دابه‌شکردنی نه‌وت به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا، ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ی ده‌ستپاکی که‌رکوک به ‌جدی کاری له‌سه‌ر کرد، ئه‌و کاتە به‌ڵگه‌ی ڕوون ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌ست.

 

ک.ک