سۆران، باندێكی ساختەكردنی دراو دەستگیركرا

باندێکی ساختەکردنی دراو لە شارۆچکەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر دەستگیرکرا، کە بڕێکی زۆر دیناری عێراقی و دۆلاری ئەمەریکییان ساختەکردبوو و لە بازاڕدا بڵاویانکردبووەوە.


ئەمڕۆ رائید سەعدون نەبی، وتەبێژی پۆلیسی سۆران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا دەستگیرکردنی تەواوی ئەندامانی ئەو باندەی ڕاگەیاند، کە بڕێکی زۆر لە دراوی ساختەیان پێبووە.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا رائید سەعدون نەبى، باسی لەوە کرد، کە لە ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو کەسێکیان بە دراوی ساختەوە دەستگیرکردووە، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە ئەو کەسە ئەندامی باندێکی فراوانتری ساختەکردنی دراوە.

وتەبێژی پۆلیسی سۆران وتیشی:"لە ئەنجامی بەردەوامیی لێكۆڵینەوەكانمان، چەند كەسێكی دیکەشمان بە هەمان تۆمەت دەستیگركرد، كە دراوی دۆلاری ئەمریكی و دیناری عێراقییان ساختە کردبوو و لە سۆران مامەڵەیان پێوەكردبوو".

لەبارەی ناسنامەی ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیرکراون، رائید سەعدون ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەو كەسانە دانیشتووی شارۆچکەی سۆرانن و پەڕاوی لێكۆڵینەوەکانیان ڕادەستی دادوەرکراوە، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد:"بڵاوكردنەوە و مامەڵەكردن بە دراوی ساختە لە سۆران زیادی كردووە، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان و بە تایبەت ئەوانەی كە مامەڵەی ئاڵۆگۆڕی دراو دەكەن چاوكراوەبن و هاوكارمان بن بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی دراوی ساختە".

د.ع