سۆران، بەهۆی باران بارینەوە شەقامێك داڕما

بەهۆی زۆری باران بارینەوە، لە شارۆچکەی سۆران شەقامێک داڕما، شارەوانی سۆرانیش دەڵێت، کە چەندین جار وەزارەتی شارەوانی و پارێزگاری هەولێرمان لە مەترسی داڕمانی ئەو شەقامە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام بودجەیان بۆ چاکککردنی تەرخان نەکردووە.


ئەمڕۆ لەشارۆچکەی سۆران، ٢٥٠ مەتر لە شەقامێک، کە بەجووت سایدی پشت كۆڵانی قەسابان ناسراوە داڕما، بەهۆیەوە هاتووچۆ لە شەقامەکە ڕاگیراوە.

شوان موسا، ئەندازیاری هونەری لەشارەوانی سۆران بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: پێشبینی داڕمانی ئەو شەقامەمان دەكرد، بەرلەداڕمانی شەقامەكەش دووجار دەرخستەمان بۆ قائیمقامی سۆران و پارێزگای هەولێر و وەزارەتی شارەوانی ناردوە و نوسراوی فەرمیمان كردووە بۆ ئەوەی ڕێگریی لەداڕمانی ئەو شەقامە بگرین، بەڵام بودجەی پێویستیان بۆ تەرخان نەكردین.

ناوبراو وتیشی: ماوەی ١١ ساڵە ئەو شەقامە دروستكراوە، بەڵام بەهۆی زۆری باران بارینی دوو ساڵی ڕابردوو بەشێكی شەقامەكە داڕماو بەرگەی نەگرت، شوێنی تریش هەیە كەمەترسی داڕمانی لێدەكرێت، بەڵام هیچ بودجەیەكی پێویستمان لەبەردەست نییە، هەتا ڕێگریی بكەین لەوەی ئەو شوێنانە دانەڕمێن و نەڕوخێن.

لەئێستادا وەك چارەسەری سەرەتایی ڕێگاكە داخراوە بۆ ئەوەی ڕووداوی نەخوازراوی لێدروست نەبێت، شارەوانی چاوەڕوانی حكومەتە بۆ چاککردنی ڕێگاکە بودجەیان بۆ دابین بکات.

لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا لەسەنتەری شارۆچكەی سۆران 16ملم باران باریوە، كۆی گشتی ڕێژەی باران بارینی ئەمساڵ گەیشتۆتە 458 ملم باران، ئەمەش بەراورد بەساڵی ڕابردوو ڕێژەكەی كەمبووەتەوە، چونكە ساڵی ڕابردوو تا ئەم كاتە 700 ملم باران باریبوو.

د.ع