سۆران عومەر داوا لە سەرۆکی پەرلەمان دەکات هەڵگرتنی پارێزبەندیی هەڵبووەشێنێتەوە

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەری، تانەیەکی ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمان کردووە، داواش دەکات، "سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتە یاساییەکانی بەکاربهێنێت و شکۆ بۆ پەرلەمان بگێڕێتەوە".


دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی لە نووسینگەی سلێمانیی پەرلەمانی هەرێم ئەنجامدا.

لە کۆنگرەکەدا، سۆران عومەر وتی: دوێنێ لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەرم، تانەیەکم ئاڕاستەی سەرۆکی پەرلەمان کردووە، ئەم تانەیە تەنها مەبەستم خۆم نییە، بەڵکو مەبەستەکە ئەوەیە، کە پێشینەیەکی نایاسایی و ناپەیڕەویی لەم پەرلەمانە نەچەسپێت، کە دامەزراوەی پەرلەمانیی تووشی بێ شکۆیی کردووە.

هیواشی خواست، "سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتە یاساییەکانی بەکاربهێنێت و ئەو بڕیارە هەڵبووەشێنێتەوە، چونکە ئەوەی کە کرا کودەتا بوو بەسەر سەرۆکی پەرلەمان و دامەزراوەی پەرلەماندا".

وتیشی: سەرۆکی پەرلەمان ئەرکییەتی یاسا جێبەجێ بکات و ڕێگا بەشکاندنی شکۆی پەرلەمان نەدات، چاوەڕوان دەکەین لە ڕۆژانی داهاتوودا سەرۆکی پەرلەمان شکۆ بۆ پەرلەمان بگەڕێنێتەوە.

لەبارەی کەیسەکەشییەوە لە دادگا، سۆران عومەر وتی: لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لە ڕێگەی پارێزەرەکەمەوە لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر، تانەمان داوە لەو ڕێکارانەی کە دادگا لە سکاڵاکەی سەرۆکی حکومەت گرتوویەتییە بەر، ئێستاش دۆسیەکە چووەتە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر.

ش.ف