سۆران، چالاكوانان و یاساناسان داوای بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد دەكەن

چالاكوان و یاساناسانی شارۆچکەی سۆران، بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بە پێویستییەکی گرنگ بۆ قۆناغی ئێستای گەلی كورد دەبینن، هاوكات هۆکاری بەردەوامی داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك دەگەڕێننەوە بۆ بێ هەڵوێستی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان.


پەلامار و دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامە، لەسەر ئەو پرسەش چالاكوان و پارێزەرانی شارۆچکەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، کە ئێستا ناوچەکەیان لەژێر هەڕەشە و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکدایە تێڕوانینی خۆیان بۆ ڕۆژنیوز خستەڕوو.

زانیار حەسەن، یاساناس و لێكۆڵەری دادی لەزانكۆی سۆران ڕایگەیاند، توركیا پێشێلی بەند و ماددە یاساییەكانی ناوخۆی عێراق و پەیماننامە نێودەوڵەتیەكانیش دەكات لەمەسەلەی داگیركردنی خاكی كوردستان، بەڵام بێ هەڵوێستی و بێدەنگی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان وایكردووە توركیا ئەو داگیركارییە بەمافی خۆی بزانێت.

زانیار باس لەوەش دەكات كۆنگرەی نەتەوەیی زامنی مافەكانی گەلی كوردە لە هەرچوار پارچەی كوردستان، بەڵام بەرژەوەندپەرستی و سیخوڕی هەندێك لە هێزە سیاسیەكان بە بەربەستی بەردەم بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد دەزانێت.

لەسەر هەمان پرس شەوقی مستەفا سورچی، چالاكوانی سیاسی، پێیوایە هەمیشە دوژمنانی گەلی كورد سودیان لەپەرتەوازەیی و شێواوی نێو ماڵی گەلی كورد بینیوە، دەشڵێت: پێویستە كۆنگرەی نەتەوەیی ئەنجام بدرێت و چیتر كورد پەرتەوازە و هەزار پارچە نەبێت، هاوكات داگیركاری و بۆردومان و تۆپبارانەكانی دەوڵەتی توركیاش بۆ نەبوونی یەكڕیزی و یەكێتی كوردان دەبینێـتەوە، لەگەڵ ئەوەی باس لەوەدەكات كە توركیا پیلانی درێژخایەن و ستراتیژی هەیە بۆ داگیركردنی خاكی كوردستان.

جگە لە پرسی داگیرکاریی ئەو چالاکوانە نەبەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بە کێشەیەکی سەرەکی دەزانێت و داوا لەسەرجەم هێزو لایەنە سیاسیەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان دەكات پەلە بكەن لەبەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی و كۆتاییهێنان بەو پەرتەوازەیی و داگیركاریەی کە دوژمنان دروستییان کردووە.

ک.س