سۆسیالیست: بەشداری ببین و نەبین هەر پشتیوانی لە حکومەت دەکەین

دوای كۆبوونەوەی شاندی پارتی و حزبی سۆسیالیست، ئەندامێكی سۆسیالیست رایگەیاند، ئەوان بەشداری حکومەت بکەن و نەکەن هەر پشتیوانی لە حکومەتی هەرێم دەکەن.


دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان- پ د ک، لەگەڵ حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان- ح س ک لە شاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا هێمن عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی سۆسیالیست ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو.

هێمن عەبدوڵا، وتی: شاندێكی مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانیكردین و گفتوگۆیان لەبارەی كۆبونەوەی رۆژی ١٨ی شوبات کرد، کە بڕیارە پەڕلەمان كۆببێتەوە و ئەندامەكەی ئێمەش بەشدار دەبێت.

وتیشی: پێكهێنانی حكومەت و چۆنیەتی پێكهێنانی گفتوگۆی لەبارەوە كرا، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغداش یەكێكیتر بوو لەتەوەری گفتوگۆكان.

سەبارەت بە بەشدارییان لە حكومەت ئەوەی خستەڕوو: ئێمە پێمان باشە حكومەت پێكبهێنرێت و لەكۆبونەوەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بڕیار دەدەین بەشدار دەبین لە حكومەت یان نا، بەڵام ئێمە پشتیوانی لەحكومەت دەكەین ئەگەر بەشداریش نەبین.

س.ح