محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەداری کورد، داوا لە مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەکات، کە گەمارۆی سەر کامپی مەخمور هەڵگرن، دەڵێت، کە هەر ئەوان بوو نەیانهێشت چەتەکانی داعش بگەنە هەولێر.
لە دوای ڕوووداوەکەی ڕێستۆرانتی هۆقەباز لە شاری هەولێر و لە ١٧ی تەموزی ساڵی ٢٠١٩وە ئاسایشی پەدەکە گەمارۆی خستووەتە سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور، ڕێگا نادات هاوڵاتیانی ناو کامپەکە بێنە هەولێر.
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، لەسەر ئەو گەمارۆیە لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پەدەکە و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کردووە داوای هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیە دەکات.
دەقی نامەکەی محەمەد ئەمین پێنجوێنی:
“بەرێز کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەرێز کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
سڵاو رێز
لە پێشوازیماندا لە شاندێکی کەمپی مەخمور باسی باری ناھەمواریی کەمپەکەیان کرد کەوا یانزدە مانگە بەسەریدا تێپەر دبێت.
بۆیە بە ناوی مرۆڤایتیەوە داواتان لێدەکەم ئەو گەمارۆیە لا ببرێت.
١- رێگە بدرێت بە نەخۆشەکانی کۆرۆنا لە ھەولێر چارەسەری وەربگرن.
٢- رێگا بدریت بە کرێکارە ئاوارەکان لە ھەولێر پارەی نان پەیدا بکەن.
٣- لە زاڵگەی مەخموور – ھەولێر ئەوەندە ژنی دووگیان دوانەخرێت، رێگەیان لێنەگێریت تا بە ژانی منداڵەوە بمرن!
بەرێزان ھەر ئەمانە بوون نەیانھێشت داعش بگاتە شاری ھەولێر .
ئیتر ھەر بژین بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان”.
شایەنی باسە کەمپی ئاوارەکانی مەخموور لە ساڵی ١٩٩٨ دروست کراوە و ھاوڵاتیانی باکوری کوردستان تێدا نیشتەجێن، کە بە ھۆی زوڵم و ستەمی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر زێد و گوندەکانی خۆیان کۆچبەر بوون، ژمارەی ئەو کۆچبەرانە نزیکەی ١٢ ھەزار ھاوڵاتی دەبێت.
بەھۆی ئەو گەمارۆیەی زیاتر لەساڵێکە لەلایەن پەدەکە-وە خراوەتە سەر کامپەکە تا ئیستا دوو ژنی دوو گیان لە زاڵگەکانی پارتی منداڵەکانیان لە بارچووە، لەبەر ئەوەی ئاسایشی پارتی ڕێگەی نەداوە بگەیێنرێنە نەخۆشخانە، ھەروەھا بە سەدان خێزانیش بێبەش بوون لە پەیداکردنی بژێوی ژیان کە پێشتر لە ھەولێر کاریان دەکرد.
د.ع