هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان -پژاك، لەبارەی سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ سنە ڕایگەیاند، هاتنی بۆ كوردستان پاش ئەوەی دەستی چووە خوێنی گەلەكەمان، كارێكی بێشەرمانە و ڕووقایمانەیە، ئەمەش تەنیا لە بكوژێكی وەك ڕەئیسی دەوەشێتەوە.
سیامەند موعینی، هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان -پژاك لە هەژماری خۆی لە تویتەر لەبارەی سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران بۆ شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، نووسیویەتی، هاتنی ڕەئیسی بۆ كوردستان پاش ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەكەمان سوورە، كارێكی بێشەرمانە و ڕووقایمانەیە، ئەمەش تەنیا لە بكوژێكی وەك ڕەئیسی دەوەشێتەوە.
موعینی ڕاشیگەیاندووە: “گەلەكەمان دەبێت بە مانگرتن و بە چۆڵكردنی سەرجەم شەقام و ڕێگەوبانەكان، هەڵوێستی ڕوون و ڕاشكاوی خۆی بە ڕژێم نیشان بدات: نامانەوێت ڕوخسارتان ببینین!”.
ئەمەش لەکاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ ئیبراهیم ڕەئیسی سەردانی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات و بە پێی میدیای فەرمی حکومەت ئامانج لە سەردانەکە، کردنەوەی چەند پڕۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوەیە، هاوکات بەپێی ئەو وێنانەشی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوکراونەتەوە، لە ئێستادا کەشێکی سەربازی توند بەسەر شارەکەدا سەپێنراوە و هێزێکی زۆر لەو شارە بڵاوکراوەتەوە.
ڕ.ڕ