سیروان بارزانی: ئەردۆغان کورد ئاوارە دەکات

سیروان بارزانی دژی دروستکردنی ناوچەی ئارامە لە باکوری سوریا، کە بکەوێتە ژێر چاودێریی تورکیاوە و دەڵێت: ئەردۆغان ئەو ناوچە جیاکراوەیە بۆ ئاوارەکردنی کوردەکان بەکاردەهێنێت و دەبێتە ناوچەی شەڕ و ململانێ.


بەپێی ڕاپۆرتێک، کە لە کەناڵی جزیرە بڵاوبووتەوە، سیروان بارزانی،  فەرماندە لە هێزەکانی پێشمەرگە ڕەخنە لە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، دەگرێت و بە ھەڵەیەکی ستراتیژیی ناوزەدی دەکات.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو فەرماندەیەی پیشمەرگە دژایەتیی خۆی بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام لە باکوری سوریا و لەژێر چاودێریی دەوڵەتی تورک ڕایگەیاندووە و وتویەتی:"ئەردۆغان ئەو ناوچە جیاکراوەیە بۆ ئاوارەکردنی کوردەکان بەکاردەھێنێت، ھەروەک ھێزەکانی لە عەفرین لەمانگی ئازار کردیان".

سیروان بارزانی، دەشڵێت:"ئەگەر تورکیا و گروپەکانی سەر بە ئەردۆغان بچنە ئەو ناوچەیە، ئەوا تووشی پێکدادان دەبن لەگەڵ ھێزەکانی سوریای دیموکرات،ئەوکات لە ناوچەیەکی ئارامەوە دەگۆڕێت بۆ ناوچەیەکی جەنگ و ململانێ".

ش.ف