سیستمی هاوسەرۆکایەتیی و هاوسەرۆکایەتییەکەی یەکێتیی

سیستمی هاوسەرۆکایەتیی لە کوردستان بۆ یەکەم جار لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کوردەوە پێشنیازکراوە و هاوسەرۆک لە ژنێک و پیاوێک پێکدێن، ئامانجیش لێی ڕاگرتنی هاوسەنگیی ڕەگەزیی و نەهێشتنی قۆرخکارییە، بەڵام یەکێتیی دوو پیاو دەکاتە هاوسەرۆک.


یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوێنێ ١٨ی شوبات لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتییدا، بافڵ تاڵەبانی، کوڕە گەورەی مام جەلال و لاهور شێخ جەنگیی، بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاریی/زانیاریی هەرێمی کوردستانی وەک هاوسەرۆکانی یەکێتیی هەڵبژارد.

ڕۆژنیوز، بیرۆکەی سیستمی هاوسەرۆکایەتیی، بنەماکانی ئەو سیستمە و بەراوردی لەگەڵ ئەو سیستمەی یەکێتیی هەڵیبژاردووە بۆ بەڕێوبردنی حزبەکەی و ناوی لێناوەوە "هاوسەرۆکایەتیی" دەخاتەڕوو.

سیستمی هاوسەرۆکایەتیی چییە؟

هاوسەرۆکایەتیی سیستمێکی بەڕێوەبەرییە و بە واتای هاوسەنگیی ڕۆڵی ژن و پیاو دێت، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان لە نێوان ژن و پیاوێکدا بەشێوەیەکی هاوسەنگ دابەش دەکرێت.

ئامانجیش لەم سیستمە نەهێشتنی قۆرخکاریی و ناوەندگەرایی "مەرکەزییە"، ژنیش لە ئیدارەداندا چالاکبن و سیستمێکی دیموکراسیی دابمەزرێت.

ئەم سیستمە بۆ جاری یەکەم پارتی سەوزی ئەڵمانیا بەکاریهێناوە.

بەڵام بەزۆریی لە کوردستاندا کاری پێکراوە و لەوێوە بڵاوبووەتەوە بە جیهاندا، عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لەم پێناوەدا هەنگاوی گەورەی ناوە.

لە دامەزراندنی پەکەکەوە پرسی هاوسەنگیی ڕەگەزیی بووەتە بابەتێکی سەرەکیی ئەو پارتە و لەسەر بنەمای بەرجەستەکردنی ڕۆڵی ژن تێکۆشانێکی گەورە کراوە.

هەر لە دامەزراندنی پەکەکەشەوە ژن ڕۆڵی سەرەکییان تێدا گێڕاوە، لە ساڵانی ١٩٩٠یشەوە ژنان لە هەموو ئاستەکانی بەڕێوەبردندا بوونیان هەبووە و خاوەنی ڕێکخراو و هێزی سەربەخۆبوون.

کاتێک پارت و دامەزراوەی کوردیی لە باکوری کوردستان و تورکیا دامەزران، هەنگاوەکانی بەرجەستەکردنی هاوسەنگیی ڕەگەزیی گەورەتربوون، لەم چوارچێوەیەدا سەرەتا لە بەڕێوەبردندا ٢٥% بۆ کۆتای ژنان دانراوە، دواتر زیادکراوە بۆ ٤٠%.

لەدوای ساڵی ٢٠٠٠ەوە عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر لەسەر ئەم بابەتە قاڵبووەوە و جەختیکردەوە، کە پێویستە سیستمی کۆتا هەڵبگیرێت و یەکسانیی ڕەگەزیی زیادبکرێت، لەم پێناوەشدا سیستمی هاوسەرۆکایەتیی پێشنیازکرد.

ئۆجالان پێیوایە، سیستمی هاوسەرۆکایەتیی ڕێگر دەبێت لە قۆرخکاریی و دروستبوونی ناوەندگەرایی "مەرکەزیی" لە ئیدارەداندا و دەتوانێت سیستەمێکی دیموکراسیی بەدیبهێنێت.

ساڵی ٢٠٠٧ بۆ یەکەم جار پارتی کۆمەڵگەی دیموکرات-دەتەپە لە باکوری کوردستان سیستمی هاوسەرۆکایەتیی پەیڕەوکرد.

دواتر سەرجەم ئەو حزب و ڕێکخراو و دامەزراوانەی فکری ئۆجالانیان لە کارەکانیاندا بەبنەما گرتووە، پەیڕەوی ئەم سیستمە دەکەن و ژن و پیاوێک بۆ هاوسەرۆکیی دیارییدەکەن.

هاوسەرۆکایەتیی تەنها بۆ سەرۆکایەتیی حزب یاخود ڕێکخراو نییە، بەڵکو لە هەموو ئۆرگانەکانی خوارەوەشدا دەبێت ئەو سیستمە پەیڕەوبکرێت و بۆ هەر ئۆرگانێک ژنێک و پیاوێک بەشێوەی هاوسەرۆکایەتیی دابنرێن.

ئەو سیستمەی یەکێتیی بەناوی هاوسەرۆکایەتییەوە دایناوە چییە؟

لەو هاوسەرۆکایەتییەی یەکێتیی بۆ ئیدارەدانی حزبەکەی پەسەندی کردووە، نەک یەکێک لە هاوسەرۆکان، تەنانەت جێگریشیان نیە تاوەکو ژن بێت.

جگە لەوەش هاوسەرۆکایەتییەکەی یەکێتیی تەنها بۆ بەرزترین ئۆرگانی بەڕێوبردنی حزبەکەیە و لە هیچکام لە ئۆرگانەکانی خوارەوەدا پەیڕەوی ئەو سیستمە ناکرێت.

سۆزانی خاڵە شیهاب، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی و ئەندامی سەرکردایەتیی پێشووی یەکێتیی، ڕەخنە لەو سیستمەی یەکێتیی دەگرێت و دەڵێت: ئەمە هاوسەرۆکایەتیی نییە، هاوسەرۆک دەبێت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی ڕەگەزیی بێت، پیاوێک و ژنێک بێت، هاوسەرۆکیی بۆ دابەشکردنی دەسەڵات نییە، بەوشێوەیەی کە یەکێتیی دەیەوێت پەیڕەوی بکات.

لەبارەی ئەوەی ئایا ژنێک نییە لەناو یەکێتییدا بتوانێت هاوسەرۆکایەتیی بکات، لەکاتێکدا دوو پیاو دیارییکراون؟ سۆزانی خاڵە شیهاب دەڵێت: نەخێر، لەبەر ئەوەی بابەتەکە دابەشکردنی دەسەڵاتە لە نێوان دوو کەسدا، کە هەردووکیان خۆیان بە براوە دەزانن، ئەمە فۆرمی هاوسەرۆکایەتیی نییە، ئەگەر ئەوە بووایە، دەبوو لە پەیڕەوی ناوخۆدا ژنێک و پیاوێک جێگیربکرانایە.

بەبڕوای چاودێران، یەکێتیی بۆ تێپەڕاندنی گرفتی دیارییکردنی سەرۆک، پەنای بۆ ئەم سیستمە بردووە، چونکە دوای زیاتر لە دوو مانگ لە بەستنی کۆنگرە بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانەوە ئینجا توانی ئەو پرسە یەکلا بکاتەوە.

ک.س