سێ بەرپرسی کۆمەڵ دەستیان لەکارکێشایەوە

سێ بەرپرسی کۆمەڵی ئیسلامی لە سنوری هەولێر دەستیان لەکات کێشایەوە و دەڵێن: تا ئێستاش خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرچاوی ڕۆشن نیە، ئایا کۆمەڵ حزبێکی ئۆپۆزسیۆنە یاخود بەشدارە لە حکومەت؟!.


ئەمڕۆ هەریەک لە سەلیم کۆیی، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی ناوەندی پەیوەندیەکانی کۆمەڵی ئیسلامی و سەعید هەرکی، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی ١١ی دەوروبەری هەولێر و ئیسماعیل ڕەسوڵ، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی ٣ی هەولێر لە نامەیەکی هاوبەشدا دەستیان لەکارکێشایەوە.

لە نامەکەدا بە چەند خاڵێک باسیان لە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەیان کردوە، بەم شێوەیە:

یەکەم: نەبوونی پرۆژەیەکی سیاسی گشتگیر، بە جۆرێک خزمەتی گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی بکات بێ جیاکاری لە نێوان تاکەکانی.

دووەم: جێبەجێنەکردنی ئەو بنەما پیرۆزانەی ئیسلام کە بانگەشەی بۆ دەکرێت لەناو حیزب. بنەماکانی دادگەری، یەکسانی و شورا و ڕاوێژ تەنها بوونەتە دروشم و لە هەڵسوکەوتی ناو حزب بەدیناکرێن و پێچەوانەکەشی جێبەجێ دەکرێن لە قۆرغکاری دەسەڵات لەناو گروپ و باڵێکی ناو کۆمەڵی ئیسلامی و دەرکردنی چەندین بڕیاری نادادوەرانە بەسەر کادیر و ئەندامانی ناو حزب.

سێیەم: پشتگوێخستنی پێگەی سیاسی و ئابوری و دیپلۆماسی و جەماوەریی شاری هەولێری پایتەخت لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتوانی ئەنجومەنی بانگەواز و بەڕێوەبردن. تەنانەت زۆر جار کێشە و گرفتی گەورە دروستکراوە بۆ مەڵبەند و ئەنجومەنەکانی سنوری پارێزگای هەولێر لەلایەن ئەو گروپە.

چوارەم: نەبوونی ستراتیژ و پلانی سیاسی تۆکمە لەلایەن حزبەوە. ئەم نەبونی پلانەش بۆتە هۆکاری ناڕوونی لە سیاسەتی حزبدا؛ هەر بۆیە تا ئێستاش خەڵکی کوردستان بەرچاوی ڕۆشن نیە ئایا کۆمەڵ حزبێکی ئۆپۆزسیۆنە یاخود بەشدارە لە حکومەت؟!.

لە کۆتاییشدا دەڵێن: دەستلەکارکێشانەوەمان لەو حزبە مانای دەستبەرداربونمان ناگەیەنێ لە پرۆژە ئیسلامی و چاکسازییەکان، بەڵکو دەبێتە سەرەتای دەستپێکی قۆناغێکی نوێی بانگەوازی ئیسلامی و پرۆسەی چاکسازی سیاسی ڕیشەیی لە هەرێمی کوردستان. 


ک.ک