لە میانی بەڕێوەچوونی پانێڵێکی زانستی دەربارەی ئایدز و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و چارەسەرەکانی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، لەمساڵدا، لە ناوشاری سلێمانی، سێ كەس تووشی نەخۆشی ئایدز بوون و لە ئێستادا لەژێر وەرگرتنی چارەسەریدان.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئایدز لە شاری سلێمانی، پانێڵێکی زانستی دەربارەی ئایدز و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و چارەسەرەکانی لە نەخۆشخانەی شیرەکە بەڕێوەچوو.
لەبارەی هەڵكشانی ئاماری تووشبووانی نەخۆشی ئایدز لە جیهاندا، د. ڕزگار عەلی، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی وتی: لە جیهاندا زیاتر لە ٣٨ ملیۆن توشبوو بە نەخۆشی ئایدز هەیە، ساڵانە نزیکەیی ٦٥٠ هەزار بۆ ٧٠٠ هەزار کەس لە جیهاندا بەهۆی نەخۆشیەکەوە گیان لەدەست دەدهن.
د. ڕزگار عەلی سەبارەت بە خۆپارێزی لە نەخۆشییەكە وتی: بۆ ئەوەی خۆمان لەم نەخۆشیە بپارێزین پێویستە هەموو کەسێک، کە تەمەنی لە نێوان ١٥ بۆ ٦٥ ساڵیدایە ئەگەر جارێکیش بێت پشکنین ئەنجام بدات، ئێمە بۆخۆمان لە چەند خاڵێکەوە پشکنین بۆ ئەم ڤایرۆسە ئەنجام دەدەین.
ئاماژهی بهوهشکرد، پێویسته پێش هاوسەرگیری پشكنین بكرێت یان دوای گەڕانەوە لە دەرەوەی وڵات و لەکاتی بەخشین و وەرگرتنی خوێن، لەکاتی شوشتنی گورچیلەکان، بەڵام باشتر وایە کەسەکان جگه لەم هۆکارانەش، خۆشیان پشکنین بکەن.
هەرلەوبارەیەوە، د. هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە ڕۆژنیوزی وت: لە ئەمساڵدا لە ناو هاوڵاتیانی خۆجێی سنوری پارێزگای سلێمانی سێ حاڵەتی تازەی پۆزەتیڤی نەخۆشی ئایدز تۆمارکراوە، زیاتر لە ٩٠ حاڵەتیش لە ناو ئەو بیانیانەدا هەبووە، کە هاتوونەتە ناو سنوری پارێزگای سلێمانی.

باسی لەوەشكرد، تووشبووانی بیانی نێردراونەتەوە بۆ وڵاتەکای خۆیان، سێ حاڵەتی تر کە لە ناوەندی شاری سلێمانیدابوون، لە ژێر چاودێری تەندروستی بەڕێوەرایەتی خۆپاراستنی سلێمانی دان و چارەسەر وەردەگرن.
ئەوەشی خستەڕوو، هەموو حاڵەتەکان گەنجن و لە سەرو تەمەنی سی ساڵەوەن، وتیشی: زیاتر هۆکاری بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگای سێکس، خوێن، شیری دایک، بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان، ئامێرەکانی نەشتەرگەری، کە بەباشی پاکنەکرابێتنەوە و دووبارە بۆ نەخۆشێکی دیکە بەکارهێنرابنەوە، هەروەها دوبارە بەکارهێنانی سرنجێک کە پێشتر بۆ کەسێکی تر بەکارهاتووە، هەڵگری ئەم ڤایرۆسە بووە.
د. هێرش سەلیم سەبارەت بە ڕێکارەکانی خۆپارێزیش وتی: پێویستە هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن لەو کەرستە و ڕێگایانەی دەبنە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیەکە، هەروەها ماوە ماوە پشکنین ئەنجام بدەن، بەتایبەت کاتێک لەدەرەوەی وڵات دەگەرێنەوە.
س.س/س.ڕ