سەربازانی تورک لە برادۆست دەستڕێژی گولـلەیان لە منداڵێک کرد

لە برادۆست سەربازانی تورک بە دۆشکە دەستڕێژی گولـلەیان لە منداڵک کرد، کە پەزەکانی دەلەوەڕاند، منداڵەکە دوای تەقەکان لەو ناوچەیە دوور کەوتووەتەوە بەڵام بەشێک لە پەزەکانی لەوێ ماونەتەوە.


دەوڵەتی تورک بە ڕێگای جیاواز هەوڵدەدات گوندەکانی برادۆست چۆڵ بکات، ڕاستەوخۆ هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج، منداڵێکی برادۆستی خەڵکی گوندی ئالیکان بووەتە ئامانجی هێرشی سەربازانی تورک و براکەی ناڕەزایەتی نیشانداوە و دەڵێت: ژیانی هاوڵاتیان بەهۆی بوونی سەربازەکانی تورکەوە لەژێر مەترسییەکی گەورەدایە و ژیانیان نەماوە.

ڕەیان زوبەیر ئەو منداڵەی لە کاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکان بووەتە ئامانجی هێرشی سەربازانی تورک بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و وتی: کاتژمێر ٦:٠٠ بەیانی دوێنێ پەزەکانم بردە لەوەڕ بۆ دەرەوەی گوند، سەربازانی تورک بە دۆشکە دەستڕێژی گولـلەیان لێکردم، هەندێک لە گولـلەکان بە دووری ٥٠ مەتر لای من دەدرا، ناچاربووم بەپەلە خۆم بگەینمە ماڵەوە، توانیم بەشێک لە پەزەکان بگەڕێنمەوە، هێشتاش بەشێکیان لەوێ ماون، ناتوانم بیانهێنمەوە، سەربازانی تورک سور دەزانن من شوانم و پەکەکە نییم، بەڵام بە مەبەست دەستڕێژی گولـلەیان لەمن کرد.

دەیانەوێت گوندەکەمان چۆڵ بکەن و دوایی داگیری بکەن

ئارام زوبەیر، برای ڕەیان دەڵێت: بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و بوونی سەربازەکانی لە ناوچەکە، ژیانمان لە مەترسی دایە، دەوڵەتی تورک بە ئامانجی داگیرکردنی خاکی باشور هێرش دەکاتەسەر گوندەکان، ژیانیان بۆ ئێمە نەهێشتووەتەوە، دۆخی ئێرە زۆر مەترسیدارە، شەو و ڕۆژ ئاسایشمان نییە، ئامانجی سەرەکییان چۆڵکردنی گوندەکانە، هێلیکۆپتەرەکانیان شەوانە دەوروبەری گوندەکان بۆردوومان دەکەن، پارچەی بۆمبەکانیان دەگاتە ماڵەکانمان، ئەو پاشماوانەی لە بۆردوومانەکان دەمینێتەوە مەترسی لەسەر ژیانی منداڵەکان دروست دەکات، ڕۆژانەش تۆپباران و بۆردوومانی گوندەکان دەکەن، بە تایبەتی گوندەکانی ئالیکان، خەلیفان وسیران لە مەترسیدان، دۆخی ئالیکان زۆر خراپە.

ئارام، ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرێک گولـلە و پاشماوەی تەقەمەنی سوپای تورک لە ناوچەکە دەمینێتەوە و هەڕەشەیە لەسەر مناڵەکان و وتی: مافی منداڵان ناپارێزرێت، لە هەموو شوێنێک ڕێکخراوی پاراستنی مافی منداڵان هەیە، تورکیا دەستدرێژی دەکاتە سەر مافی منداڵان، دوو ڕۆژ لەمەوبەر هێلیکۆپتەرەکان گوندەکەی ئێمەیان و دەوروبەری بۆردوومان کرد، زۆرێک گولـلەی نەتەقیومان لەناو گوند، بەر حەوشە و ناو سەیارەکانمان دۆزییەوە، منداڵان کە مەترسی تەقەمەنییەکان نازانن یاری پێ دەکەن، تورکیا دەیەوێت بەو هێرشانە ئێمە گوندەکانمان چۆڵ بکەین و دواتر بێت و دەستبەسەریا بگرێت و داگیری بکات.

ناوبراو، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: تورکیا زۆربەی ناوچەکەی داگیر کردووە، بۆ نمونە گوندی سیران بە تەواوەتی چۆڵکراوە، سەربازانی تورک لێرە دەگەڕێن، ئامانجی ئەوان پەکەکە نییە، ئەمە بەهانەیە، کەس ناتوانێت بیسەلمێنێت، کە تورکیا بەهۆی پەکەکەوە ئەم ناوچەیە دەکاتە ئامانج، تورکەکان باش دەزانن کە گەریلاکان لێرەدا نیین، سەرەڕای ئەمەش دەست لە هێرشەکان هەڵناگرن وهاوڵاتیان دەبنە قوربانی. .

گوندەکەمان جێی ناهێڵین

ئارام ئاوا کۆتایی بە قسەکانی هێنا: تورکەکان وا دەزانن ئێمە بەو هیرشانە دەست لە گوندەکەمان بەردەدەین، تا بە دڵی خۆیان لێرە بمێننەوە، ئەمە خەیاڵێکی خاوە، ناتوانن سەری بخەن.

د.ع