سەردار ستار: پێویستە پارتی دەست بەرداری سیاسەتە هەڵەکانی بێت

سەردار ستار، یەکێک لە فەرماندەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، کۆمەڵکوژکردنی بارزانییەکانی شەرمەزارکرد و وتی: پێویستە پارتی دەستبەرداری سیاسەتە هەڵەکانی بێت.


٣١ی تەمموز ١٩٨٣ ساڵیادی کۆمەڵکوژکردنی بارزانییەکان لەلایەن ڕژێمی سەدامەوە بوو، سەردار ستار، یەکێک لە فەرماندەکانی هەپەگە لەو بارەیەوە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کردووە.

سەردار ستار وتی: هەشت هەزار مرۆڤی کورد کە لە عەشیرەتی بارزانی بوون کۆمەڵکوژکران، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کۆمەڵکوژی لەو بابەتە لە کوردستاندا ڕوونەدات، دەبێت یەکێتییەکی سیاسی پێکبێت، بەڵام بەداخەوە ئەوە تا ئێستا پێکنەهاتووە.

لەبارەی پێکهاتنی یەکێتی نەتەوەییشەوە بەمشێوەیە ڕەخنەی لە پارتی گرت: پارتی لەجیاتی ئەوەی بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی تێبکۆشێت، خۆی لە دەوڵەتی تورک نزیک دەکاتەوە، لەکاتی کۆمەڵکوژکردنی گەلی کوردیش لەجیاتی ئەوەی بیر لە بەهێزکردنی یەکێتی نەتەوەیی بکەنەوە خۆیان لە ڕژێمی سەدام نزیک کردەوە، هەر ئەوەش وایکرد کە بارزانییەکان کۆمەڵکوژ بکرێن.

سەردار ستار ڕایگەیاند: پێویستە وانە لە مێژووەوە وەربگرین، نۆکەریکردنی داگیرکەر هەمیشە کۆمەڵکوژکردنی گەلی کوردی بەدوواوە بووە، پێویستە پارتی دەستبەرداری سیاسەتەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک بێت و بێتە سەر هێڵی تێکۆشان بۆ یەکێتی نەتەوەیی.

ئەو فەرماندەیەی هەپەگە لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە وەک کوڕان و کچانی ئاپۆچی بەباشی لە گرنگیی یەکێتی نەتەوەیی تێدەگەین، لە هەموو مەیدانەکاندا بۆ پێکهێنانی یەکێتی تێدەکۆشین، بۆ شادکردنی ڕۆحی شەهیدان و ڕێگریکردن لە ڕوودانی کۆمەڵکوژی دیکە بۆسەر گەلی کورد، پێویستە یەکێتی نەتەوەیی پێش بخرێت، تا کاتی پێکهاتنی ئەو یەکێتییە ئێمە بەردەوا  دەبین لە تێکۆشان.

س.ح