یەكینەكانی تایبەتی یەبەشە و هێزە ئەمنییەكانیی شنگال، بە هاوبەشی ئۆپراسیۆنێكی دەستگیركردنیان بە ناوی “ئۆپراسیۆنی تۆڵەسەندنەوە” لە دژی ” تۆڕەكانی سیخوڕی” دەستپێكرد، بەپێی دانپیادانانی ئەو كەسانەی بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیركراون، لەلایەن میتی تورك و پەدەكە-وە ڕێكخستنیان پێكراوە.
هێزە ئەمنییەكانیی شنگال بە هاوكاری یەكینەكانی تایبەتی یەبەشە (یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال) ئۆپراسیۆنێكی دەستگیركردنیان لە دژی “سیخوڕەكان” بە ناوی “ئۆپراسیۆنی تۆڵەسەندنەوە” دەستپێكرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەیەكی ئەمنیی بەشدار لە ئۆپراسیۆنەكەدا، بە پەیامنێری ڕۆژنیوز لە شنگال دراوە، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەكەدا، چەندین تۆڕ و كەسانێكی زۆر، بە تۆمەتی سیخوڕی لە شنگال دەستگیركراون.
سەرچاوەكە ڕایگەیاند، ئەو كەسانەی دەستگیركراون، دەستیان لە هێرشەكانی سەر شنگال و لە ڕشتنی خوێنی زۆرێك لە پێشەنگانی ئێزدیدا هەبووە و وتی: “ماوەیەك بوو، هەم كەسوكاری شەهیدان و هەم خەڵكی شنگال داوای دەستبەسەركردنی سیخوڕەكان و ئەو كەسانەی دەستیان لە خوێنی ئێزدییەكاندا هەیە دەكرد، هێزەكانمان دوای لێكۆڵینەوەی زۆر و كۆكردنەوەی زانیاری سەبارەت بە تۆڕەكانی سیخوڕی، بڕیاری ئۆپراسیۆنی هاوبەشیان دا.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی: دوای پشتڕاستكردنەوەی هەموو زانیارییەكان، دەستمان بە ئۆپراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی هاوبەش كرد و ئۆپراسیۆنەكەشمان بە سەركەوتوویی ئەنجامدا.
سەرچاوەیەكە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو كەسانەی بە تۆمەتی سیخوڕی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كراون، دانیان بەوەدا ناوە، كە لە دژی كۆمەڵگەی ئێزدی تاوانیان ئەنجامداوە و هەندێكیشیان دانیان بەوەدا ناوە لەلایەن میتی تورك و پەدەكە-وە، ئەركی سیخوڕیكردن و كۆكردنەوەی زانیاری لەبارەی دامەزراوەكانی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شنگال و پێشەنگانی كۆمەڵگەی ئێزدی-یان پێ سپێردراوە.
ئاشكراشی كرد، لە ئەنجامی ئەو لێپرسینەوانەی، كە لەگەڵ بەشێك لەو سیخوڕانە كراوە، هێرشەكان لە دژی هەندێك لە پێشەنگانی ئێزدی و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شنگال ڕوونبووەتەوە و ئەنجامی گرنگ لەو لێپرسینەوانە دەستكەوتوون.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەو تۆڕانەی سیخوڕی، دانیان بەوەدا ناوە، كە چۆن لە شنگال ڕێكخستنیان پێكراوە و لەبەرامبەر ئەو خیانەتەدا چ بەڵێنێكیان پێدراوە هەموویان ئاشكرا كردووە، جەختیشیكردەوە، پێویستە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەكە و دیانپێدانانی ئەو سیخوڕانە بۆ ڕای گشتی بڵاوبكرێتەوە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هێشتا ئۆپراسیۆنەكەیان لە شنگال بەردەوامە و هەمان سەرچاوە ڤیدیۆیەكی ئۆپەراسیۆنەكەی بۆ پەیامنێری ئاژانسەكەمان ناردووە.
جێی باسە، لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە تا ئێستا بە دەیان هێرشی ئاسمانی لەلایەن فرۆكە سیخوڕییەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر دامودەزگاكانی ئێدارەی خۆبەڕێوەبەری شنگال و پێشەنگ و فەرماندەكانی ئێزدی ئەنجام دراوە و لەئەنجامی ئەو هێرشانەش ژمارەیەك لە بەڕێوەبەر، پێشەنگ و فەرماندەكانی ئێزدی شەهید بوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوە فەرمییەكانی دەوڵەتی تورك، هەموو ئەو هێرشانەی ئەنجام دراون، ئۆپراسیۆنی هەواڵگری بوون و لە ڕێگەی هەواڵگرییەوە ئەنجام دراون.
ڕ.ڕ