پەرلەمانتارێکی یەنەکە ئاشکرای دەکات حکومەتی هەرێم دەتوانێت بە بێ پارەکەی بەغدا موچە دابەش بکات و ١٠٠ ملیار دیناریشی بۆ دەمێنێتەوە، دەشڵێت ئەم حكومەتە چەند ساڵە ئامادە نیە مانگایەك بكڕێت بۆ كۆلێژی ڤێتێرنەری سلێمانی.
ئەندامێکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە نوسینێکدا لە ژێر ناوی حكومەتی ھەولێر، سزای سلێمانی دەدات ڕایگەیاند: ئەم حكومەتە فێری ڕاو ڕووت بووە، لە بیانوو دەگەڕێت، بەتەنها كۆمپانیاكانی پارتی مانگانە بەقەد نیوەی هاوڵاتیانی هەرێم پارەیان دەست دەكەوێت.
سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی دەشڵێت “لە داهاتی نەوت كە نزیكەی ٣٠٠ ملیار دینارە جگە لەوپارەیەی لە قاچاخچێتی لە خاڵە سنوریەكانی حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل و دەروازەی وەلید دەستیان دەكەوێت و بەڕۆژی ڕووناك دەیخۆن”.
ئەو کەئەندامی فراکسیۆنی سەوزە وەک وەڵامێک بۆ قسەکانی پەرلەمانتارێکی پەدەکە نوسیویەتی باس لەوەشدەکات “داهاتی زانكۆكانی سلێمانی مانگانە ٤ ملیار دینارە كە دەینێرن بۆ هەولێر، بەڵام حكومەت مانگانە ملیارێكیان بۆدەنێرێتەوە، ئەم حكومەتە چەند ساڵە ئامادە نیە مانگایەك بكڕێت بۆ كۆلێژی ڤێتێرنەری سلێمانی و پارەی دەستەیەك سابونیان بۆسەرف ناكات وەك ئەوەی سلێمانی بەشێك نەبێت لە كوردستان”.
ئەو پەرلەمانتارە پرسیویەتی داهاتی حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل دەروازەی وەلید چەندە و دەچێتە گیرفانی كێوە؟دەشڵێت “نەوت بە كەمتر لە ٢٠ دۆلار بوو مانگانە ٣٥٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت دەچوە وەزارەتی دارایی ئەی ئێستا كە نەوت بە ٧٠ دۆلارە بۆ هەر ٣٥٠ ملیۆن دۆلار دەنێرن بۆ وەزارەتی دارایی، باقیاتەكەی كێ دەیخوات؟”.
سەرکۆ گەڵاڵی بە بیری هێناوەتەوە کە “حكومەتی هەرێم بەپێی ئەو داتایانەی خۆیان بڵاوی دەكەنەوە مانگانە ٤٣٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و ئەو داهاتەی دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت ٧٠٠ ملیار دینارە، داهاتی ناوخۆو خاڵە سنوریەكان ٣٠٠ ملیار دینار هاوكاری هاوپەیمانان ٢٠ ملیار، كەواتە حكومەت مانگانە بێ پارەكەی بەغدا كە ٢٠٠ ملیار دینارە، زیاتر لە یەك تریلۆن دینار داهاتیەتی و بۆ دابەشكردنی موچە پێویستی تەنها بە ٩٠٠ ملیار دینارە”.
ئەو دەڵێت بە بێ پارەکەی بەغدا حکومەتی هەرێم دەتوانێت موچە دابەش بکات و ١٠٠ ملیار دیناریشی بۆ دەمێنێتەوە ئەگەر پارەکەی بەغداش بێت ٣٠٠ ملیاری بۆ دەمێنێتەوە ئەگەر کۆی پارەی نەوتیش بێتەوە خەزێنەی حکومەت ٦٠٠ ملیار دینار لە موچە زیاد دەبیت.
ئەوەش دوای ئەوە هات ئەمڕۆ هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری پەدەکە ڕایگەیاندبوو، تیمی وزاری یەكێتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە حكومەتیان وتووە ئەو شتانەی داخڵ دەكرێن قەدەغەیەو بە قاچاغ داخڵ دەكرێت،پارەكە هەر بۆ حكومەت نابێت، بۆیە با ئێمە بە قاچاغ شتومەك داخڵ بكەین و ئێوە ئیلاقەتان پێی چیە؟ ئەم قسەیەكراوەو من بەرپرسم لێی.
ها-غ