سەرۆك هۆزەكانی كەركوك: پێویستمان بەهێزی دەرەکی نییە حوكممان بكات

سەرۆك هۆزەكانی كەركوك ڕایدەگەیەنن شارەکەیان پێویستی بە هیچ هێزێكی سەربازی نییە حوكمی بكات و پێویستە كەركوك لەلایەن سەرجەم نەتەوە جیاكانی شارەكەوە بەڕێوەببرێت نەك خەڵكی دەرەوە، داواش لە حكومەتی عێراق دەكەن، سەرجەم پێکهاتەکان بەشداربن لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی شارەكەیان.


سەرۆك هۆز و تیرەكانی شاری كەركوك، باس لە پێكەوەژیانی نێوانیان و گرنگی بەشداریكردنی نەتەوەكانی شارەكە دەكەن لە بەڕێوەبردنی لایەنی سەربازی و ئابوری و ئیداریی شارەکە، لەوبارەیەوە بەمشێوەیە قسەیان بۆ ڕۆژنیوز کرد.

شێخ حەمید كەریم، سەرۆكی هۆزی بەیاتی لە ناوچەی كەركوك، ئەوەی خستەڕوو کە "كورد و عەرەب و توركمان لەم شارە هەمووان هەین، هەمووان دژی خێڵ و نەتەوەپەرستیین، هەمووان هەوڵدەین بۆ پتەوكردنی پێكەوەژیان و پێشخستنی شارەكە، لەبەرئەوەی شاری كەركوك شایەنی خێر و خۆشیە، بۆ ئێمە و هەموو خەڵكێكی بە ئەمەكی کەركوك ئەركمان خزمەتکردنە بەمشارە، سەرۆك هۆزەكانی كەركوك ڕۆڵێكی گرنگیان هەیە لە پاراستنی دۆخی شارەكە، بە تایبەت لە پێشخستنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی، هەر كێشەیەك لەم شارە هەبێت سەرۆك هۆزەكان ڕۆڵ دەگێڕن لە چارەسەركردنی، ڕاستە یاسا لەسەرووی هەموانە بەڵام ئێمە هاوكارێكی باشین بۆ ئەوەی زۆربەی كێشەكان چارەسەر بكرێت".

وتیشی "پێكەوەژیان دواكاری هەمووانە، ڕاستە من جلوبەرگی عەربیم لەبەردایە، بەڵام ئەوەتا برا كوردەكان جلی نەتەوەی خۆیان و توركمان جلی نەتەوەی خۆیان لە بەردایە، ئەمە نموونەیەكی جوانە بۆ شارەكە، ئێمە نامانەوێت هیچ نەتەوەیەكی شارەكە بەسەر نەتەوەیەكی تردا زاڵ بێت، بەڵكو دەمانەوێت هەمووان بە ئاسایی بژین، بۆیە گرنگە سەرجەم نەتەوەكان ڕۆڵیان هەبێت لە بەڕێوبردنی ئەم شارە".

هەروەها كەنعان ئیبراهیم شەمەری، سەرۆك هۆزی شەمەری لە كەركوك، هەمان پرس ڕایگەیاند "ئێمە كورد و عەرەب و توركمان لەم شارە وەك برا دەژین وە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین برایەتی نێوانمان تێكنەچێت و خراپ نەبێت، ئێمە وەك سەرۆك هۆزەكان هەمیشە جەخت لەسەر پێكەوەژیان دەكەین، ڕۆڵی سەرۆك هۆزەكان لە پێشخستنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی ڕۆڵێكی گرنگە، چونكە لە خراپترین دۆخدا پەیوەندی نێوان سەرۆك هۆزەكان نەپچڕاوە، ئەمەش خاڵێكی گرنگە كە پەیوەندی نێوانمان بەهێزە".

ڕوونشیكردووە: "ئێمە ئاڕاستەمان برەوودانە بە پێكەوەژیانی نێوان نەتەوەكان ئێستاش دۆخی كەركوك لە ڕووی ئاشتیەوە لە دۆخێكی باشدایە، سوپاسی سەركردەكان و سەرۆك هۆزەكان دەكەین، ئێمە براین لەم شارە تكام وایە دەست لە دەستێوەردان هەڵگرن، چونكە كەس سودمەند نابێت لە ئاڵۆزبوونی دۆخەكە".

یەکێکی دیکە لە سەرۆک هۆزەکان کە مەلا جبور، سەرۆكی هۆزی شێخانە لە سنوری كەركوك، لەسەر هەمان پرس دەڵێت: "وەكو هۆزەكانی كەركوك لە كورد و توركمان و عەرەب بەردەوام لە هەوڵی ئەوەداین كە خەڵكی كەركوك وەكو برا بژین، وە ئێمە چەند پێشنیارێكمان كردووە كە هێزێكی ئەمنی لەسەرجەم نەتەوەكانی شارەكە پێكبهێنرێت بۆ پاراستنی كەركوك، داوامان كردووە كە سەرجەم بوارە ئەمنیەكانی كەركوك بدرێت بە كەركوكیەكان نەك هێزێكی دەرەوەی كەركوك و بێگانە بێت بۆ هاوڵاتیانی شارەكە".

دەشڵێت: "ئەگەر هێزەكان و ئیدارەدانی شارەكە لە خەڵكی شارەكەبێت ئەوا دۆخەكە بۆ كەركوكیان گونجاتر و باشتر دەبێت، چونكە تەنها نەتەوەكانی كەركوك لە خەم و ئازاری كەركوكیان تێدەگەن، بۆیە ئێمە وتوومان پێویستمان بە هیچ هێزێكی سەربازی نیە بێت لەم شارە حكوم بكات، بۆیە دەبێت كەركوك لەلایەن نەتەوەكانی شارەكەوە بەڕێوببرێت نەك خەڵكی دەروەی ئەم شارە".

ک.س