سەرۆکی حکومەت داوا لە سەرمایەداران دەکات خوێندگا دروست بکەن

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دوو دەوامیی، هەرێمی کوردستان پێویستی بە ٣٥ هەزار پۆلی خوێندن هەیە، داواش لە سەرمایەداران و وەبەرهێنەران دەکات، شوێنی شایستە بۆ خوێندکاران دابین بکەن.


ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێک لە خوێندنگاکانی دهۆک بەشداریی مەراسیمی لێدانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠ ی کرد.

لە مەراسیمەکەدا، سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە گرنگیی پەروەردە و فێرکردن دا و ڕایگەیاند، کە گرنگیدانی زیاتر بە پەروەردە و فێرکردن لە کارە هەرە لە پێشینەکانی حكوومەتە بۆ بیناکردنی کۆمەڵگایەکی هۆشیار و خوێندەوار. ھەروەھا وتی:"هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن بەتایبەت لە خوێندنگا حکومییەکان، کە لەگەڵ پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژییەکانی سەردەم بگونجێت".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دوو دەوامیی لە خوێندنگاکاندا، هەرێمی کوردستان پێویستیی بە 35000 پۆلی خوێندن هەیە، داواشی لە سەرمایەدار و وەبەرهێنەران کرد، کە "بە ئەرکی نیشتمانی خۆیان هەڵبستن و بەشداریی لە هەڵمەتی نیشتمانی بکەن بۆ دابینکردنی شوێنی شایستە بۆ خوێندنی خوێندکاران".

لەبارەی مامۆستایانیشەوە، مەسرور بارزانی، وتی:"حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ باشترکردنی ژیانی مامۆستایان".

ش.ف