ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق لەناو هێزەکانی حەشدی تورکمانی هێمای نەتەوەپەرستی تورک بەدەستەکانی بەرز دەکاتەوە.
گروپی نەتەوەپەرستی توندڕەوی گورگە بۆرەکان، لە دەیەی ٦٠ی سەدەی ڕابردوو، وەک گروپێکی فاشیزم و نازی نوێ لە تورکیا دامەزرا، لە دەیەی ٧٠ـدا چەندین کردەوەی تیرۆریستیی لە تورکیا ئەنجامدا و دوای ئەوەش ڕوویکردە دژایەتی کوردەکان و تیرۆری چالاکوانانی کورد لە باکوری کوردستان و تورکیا و لە هێرشەکان دژبە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە بەشدارییان کردووە.
ئەم گروپە باوەڕیان بە سەردەستیی نەژادی تورکە و هەوڵیان ئەوەیە هەموو تورکەکان لەژێر یەک ئاڵا و لەناو یەک وڵات بەڕێکخستن بکەن، دووژمنایەتی و دژایەتی لەگەڵ کورد، یونانی، ئەرمەنی و نەتەوەکانی دیکە، لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم گروپە توندڕەوەیە، کە جگە لە جوگرافیای تورکیا لە ئەوروپاش ڕێکخستنیان هەیە و تا ئێستا چەندین کردەوە و هێرشیان دژی نەتەوە جیاوازەکان لە ئەوروپا ئەنجامداوە، هەربۆیە لە چەند وڵاتێک هەوڵی قەدەغە کردنیان دەدەن و لە فەرەنساش هەموو جوڵەکانیان قەدەغە کراوە.
وێڕای هەموو ئەوانە، ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانی و سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق، سەردانی هێزەکانی حەشدی تورکمانی کردووە و لەگەڵ ئەو هێزە بە پەنجەکانی هێمای نەتەوەپەرەستی گورگە بۆرەکانی بەرزکردووەتەوە.

ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانی هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی وەزیری بەرگری تورکیا خولیسی ئاکار، دوێنی هێزەکانی حەشدی تورکمانی لە گوندی بڵاوەی سەر بە شارەدێی یایچی تورکمان نشین بەسەرکردەوە.
ساڵحی لەکاتی بەسەرکردنەوەی هێزەکانی حەشدی تورکمانی وتبووی، سەربازە تورکمانەکان گەلی تورکمان لە هێرشی داعش و لایەنە کوردییەکان دەپارێزن.
ئەوە لەکاتێکدایە، بەپێی یاساکان ئەرکی لیژنەی مافی مرۆڤ بەگریی کردنە لە یاساکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، نەک زیندووکردنەوەی هێماو بیری فاشیزم و نەتەوە پەرەستی.

س.ح