سەرۆک عەشیرەتی ئاکۆ: زەمینە لەبارە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی

سەرۆک عەشیرەتی  ئاکۆ، دەڵێت: دەرفەتێکی مێژوویی بۆ یەکگرتنی گەلی کورد دروست بووە، ئەگەر گەلی کورد و لایەنە سیاسییەکان سوود لەو دەرفەتە نەبینن، ئەوا ١٠٠ ساڵی دیکە دەرفەتی بەو جۆرەمان بۆ ناڕەخسێتەوە.


هەوڵ و سەردانەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە بۆلای لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتیی و ڕێکخراوەکان بە ئامانجی پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی بەردەوامە و لەوبارەیەشەوە ئاکۆ عەباس ئاغا، سەرۆک عەشیرەتی ئاکۆ بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ئاکۆ عەباس ئاغا،  ئاماژەی بۆ گرنگیی یەکێتیی نەتەوەیی کرد و وتی: ئەگەر تەبایی و یەک بوون نەبێت، کورد هیچ کات ناگات بە مەبەست، چونکە کورد لە هەر چوار لاوە لەلایەن دوژمنانەوە دەورە دراوە.

باسی لەوەش کرد، کە هەموو حزب و لایەنەکان بەرژەوەندیان لەگەڵ وڵاتان هەیە، بەڵام ئەو بەرژەوەندییە نابێت کاریگەریی بخاتە سەر یەکڕیزیی نێوان گەلی کورد.

لەبارەی ڕۆڵی سەرۆک عەشیرەتەکان بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، سەرۆک عەشیرەتی ئاکۆ وتی: خەڵک، سەرۆک هۆز و شێخ و تەریقەتەکان وازیان لە هەموو بەرژەوەندییەک هێناوە و کار بۆ ئەوە دەکەن کورد ببێتە خاوەن ستاتۆی خۆی، ئێمە زۆرمان پێ ناخۆشە لە هەر پارچەیەک زەرەر بە دۆزی کورد بگات، چونکە زیانە بۆ هەموو کورد.

ئاکۆ عەباس ئاغا، پێیوایە، کە "دەرفەتێکی مێژوویی بۆ گەلی کورد دروست بووە، ئەگەر کورد و لایەنە سیاسییەکان بە باشی سوود لەو دەرفەتە نەبینن، گەلی کورد ١٠٠ ساڵی دیکە دەرفەتی لەو جۆرەی بۆ ناڕەخسێت، بۆیە پێویستە بە باشی خۆمان ئامادە بکەین".

سەرۆک عەشیرەتی ئاکۆ، باسی لەوەش کرد، لایەنەکانی باشوری کوردستان ڕۆڵێکی گەورەیان دەکەوێتە سەر شان لە دروستبوونی یەکێتی نەتەوەیی و وتی: ئەگەر لایەنە سیاسییەکان لە باشوری کوردستان زەمینەی یەکێتی نەتەوەیی دروست بکەن، بێگومان پارچەکانی دیکەی کوردستان ئامادەییان هەیە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی.

ش.ف