سەرۆک عەشیرەتەکانی ئێزدی پشتیوانی بەرخۆدانی شکۆمەند دەکەن

سەرۆک عەشیرەتەکانی ئێزدی لە شەنگال پشتیوانیی خۆیان بۆ بەرخۆدانی شکۆمەند لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاند و دەڵێن: ئامانجی تورکیا لە ڕۆژئاوا تا موسڵ داگیرکارییە.


تادێت ناڕەزایەتییەکان لەدژی هێرشی دەوڵەتی تورک بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و لەلایەکی دیکەشەوە پشتیوانییەکان لە بەرخۆدانی شکۆمەند بەرفراوانتر دەبێت، لەو چوارچێوەیەدا سەرۆک عەشیرەتەکانی ئێزدی لە ڕێگەی ڕۆژنیوزەوە پشتیوانی خۆیان لە بەرخۆدانی شکۆمەند ڕاگەیاند.

هاچم گارس، سەرۆکی عەشیرەتی خالتا، دەڵێت: لە مێژوودا هەمیشە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کراوینەتە ئامانج و زۆڵممان لێکراوە، بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی بەرخۆدانی گەلەکەمان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکەین، چونکە لە کاتی خۆیدا ئەوان کارێکی زۆریان بۆ ئێمە کرد، ئێمە لەبیری ناکەین، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە هێرشەکان ڕابگرێت.

دەخیل مراد، سەرۆکی عەشیرەتی ئالدەخیان، دەڵێت: دەوڵەتی تورک دەیەوێت سەرلەنوێ دەوڵەتی عوسمانی دروست بکاتەوە، بۆیە ئێمە ئەو هێرشە تەنیا لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان نابینین، ئامانجی ئەو هێرشانە داگیرکردنی ڕۆژئاوا تا موسڵ و هەموو ناوچەکەیە، گومانمان لەوەدا نییە کە ئەردۆغان سەرناکەوێت، بەڵام ئەو هێرشە دەبێتە هۆی سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی داعش.

ک.س