پێنجشەممە, 7 يون 2018 – 10:04 ڕۆژنیوز – دانا عومەر
لەنێوان وڵاتانى ئێران و تورکیا و سوریا و عێراقدا، بێجگە لەڕووبارى دیجلە و فورات، چەندین سەرچاوەى ئاوى سورشتى دیکە هەیە، کە زۆرینەیان لە نێو خاکى کوردستان هەڵدەقوڵێن، بەپێى یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاساکانى نەتەوە یەکگرتووەکان، پێویستە ئەو وڵاتانەى سەرچاوەى ئاو و ڕووبارى هاوبەش لە نێوانیاندایە بە هاوبەشى بەکارى بهێنن، بەڵام وڵاتى ئێران و تورکیا پابەندى ئەو ڕێککەوتنانە نابن و تاوەکو ئێستا چەندین جار سەرچاوە ئاویەکانیان گرتووەتەوە و هیچ گرنگیەکیشیان بە ناڕەزایەتیەکانى عێراق نەداوە لە بەرامبەر دروستکرنى بەنداو لەسەر ڕووبارى دیجلە و فورات و ڕووبارى زێى بچوک و ئاوى ئەڵوەند و سیروان.
هەردوو ڕووبارى دیجلە و فورات لە باکورى کورستان و وڵاتى تورکیاوە هەڵدەقوڵێن، ڕووبارى فورات بەناو خاکى سوریادا دەڕوات و دواتر دێتە خاکى عێراق، بەڵام ڕووبارى دیجلە ڕاستەوخۆ دێتە ناو خاکى عێراق، لە ئێستادا دەوڵەتى تورکیا گەشتووەتە قۆناغى کۆتایى پرۆژەی گاپ لەسەر ئەو دوو ڕووبارە.
پڕۆژەى گاپ و ئامانج و مەترسیەکان
بیرۆكهی پڕۆژهى گاپ بۆ حهفتاكانی سهدهی پێشوو دهگهرێتهوه، كه ڕووبهری پرۆژهكه نزیكهی له (١٠%) ڕووبهری گشتی توركیا پێك دههێنێت، تێچوونی پرۆژهكه له نێوان (٦-٩%) بوودجهی گشتی توركیایه، پرۆژهی گاپ جگه لهوهی گهورهترین پرۆژهی ئاوی توركیایه و یهكێكشه لهپرۆژه گهورهكانی جیهان، هەروەها به چوارهم گهورهترین بهنداوی جیهان ئهژماردهكرێت، ئهم پرۆژهیه پێكهاتوه له ٢٢ بهنداو و ١٣ پرۆژهی سهرهكیی کە ١٤ بەنداو و حهوت پڕۆژەى لهسهر ڕووباری فورات و ٨ بەنداو و شەش پڕۆژەیان لەسەر ڕووباری دیجله-یە.
زیانەکان و ئامانجەکانى پڕۆژەى گاپ
بەهۆى ئەم پڕۆژەیەوە ٣٤٠ شار و شارۆچكه و گوند لە باکورى کوردستان تێک چوون و ٢٠٠ شوێنەوارى مێژوویى دەستى بەسەردا گیراوە، بەمەش تورکیا لە ڕێگەى ئەم پڕۆژەیەوە دیموگرافیاى کوردستان دەگۆڕێت و بەڵگە مێژووییەکان لەناو دەبات، لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا لە ڕێگەى ئەم پڕۆژەیەوە تواناى کۆنتڕۆڵکردنى بەردانەوە و گرتنەوەى ئاوى هەردوو ڕووبارەکەى هەیە، هەروەها ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆى ئەوەى تورکیا بە ئاسانى فشار لە سەر حکومەتى عێراق و سوریا دروستبکات بۆ ئامانجەکانى خۆى، بەتایبەت لە بوارەکانى پەیوەست بە جوڵانەوەى ئازادیخوازانەى کورد و دەستکەوتەکانى گەلى کوردەوە.
زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە کە سەدەى ٢١ سەدەى بەرزبوونەوەى بەهاى ئاو دەبێت، تەنانەت زۆرێک لە ڕێکخراوە ئابوورییە جیهانییەکان ئاو وەک کاڵایەکى ئابوورى تەماشادەکەن، تورکیا دەیەوێت لەڕێگەى ئەو فشارانەى دەیخاتە سەر عێراق لە ڕێگەى بەردانەوەی ئاوەوە نەوت لە عێراق وەربگرێت لە داهاتوودا، یاخود دەسەڵاتدارانى عێراق ناچار بکات لەڕێگەى تورکیاوە نەوتەکەیان بفرۆشن.
لەساڵى ٢٠١٤دا وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، هەواڵی واژۆکردنی لێکتێگەیشتنی دوولایەنەی لەگەڵ تورکیا لەسەر چۆنیەتیی ئیدارەدانی ئاوە هاوبەشەکانیان بڵاو کردەوە، کە بەپێى لێکتێگەیشتنەکە، تورکیا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەشە ئاوی عێراق لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات بەر دەداتەوە.
بەڵام لە ساڵى ٢٠١٧ دا حەسەن جەنابى، وەزیرى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق، بە ڕۆژنیوزى ڕاگەیاند، کە ساڵى ٢٠١٦ چوار جار سەردانى تورکیاى کردووە بۆ ئەوەى نیگەرانیەکانى عێراق بگەیەنێتە دەسەڵاتدارانى تورکیا لەبارەى دروستکردنى بەنداو لە سەر ڕووبارەکانى دیجلە و فورات، بەڵام هیچ وەڵامێکى دڵخۆشکەریان پێنەدراوە، ئەو وتانەش واتاى ئەوەیە تورکیا گوێ بە نیگەرانییەکانى عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان نادات لە بارەى دەستبەسەرداگرتنى ئاوى ڕووبارەکانى دیجلەو فورات.
ئێران لە هاوکێشەکەدا
بێجگە لە وڵاتى تورکیا، وڵاتى ئێران بە دروستکرنى بەنداوى داریان گرفتى بۆ گەشتى ئاوى زێى بچوک دروستکردووە بۆ باشوورى کوردستان.
بەنداوى داریان دەکەوێتە گوندی داریان-ی سەر بە شارۆچکەی پاوە-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، کە لەسەر ڕووباری سیروان، بەرزیەکەى 155 مەترە و لەساڵی 2010 دەست بە دروستکردنی کراوە و لە ئێستادا بەنداوەکە تەواو بووە، کە توانای گلدانەوەی ئاوی بۆ 316،300،000 مەتر سێجا هەیە.
دەوڵەتى ئێران بێجگە لە بەنداوى داریان، چەند پڕۆژە و بەنداوێکی لەسەر ڕووبارى زێى بچوک دروستکردووە، کە تاوەکو ئێستا دوو جار ئاوى ڕووبارى زێى بچوکى گرتووەتەوە، کە جارى یەکەم لە مانگى شەشى ساڵى ٢٠١٧ دابوو، جارى دووهەم هەفتەى ڕابردووى ئەم ساڵ بوو، کە بەهۆى گرتنەوەى ئاوەکەوە زیان بە زیندەوەرانى نێو ڕووبارەکە کەوتوو هەوەها ئاستى ئاوى بەنداوى دووکان کەمیکرد، کە سەرچاوەى بەرهەمهێنانى کارەبا و ئاوى خواردنەوەى پارێزگارى سلێمانییە.
هەرێمى کوردستان لەبەردەم مەترسى قەیرانى ئاودایە
هەرێمى کوردستان وەک هەموو وڵاتانى دیکەى دونیا ئاو بۆ خواردنەوە و کوشتووکاڵ و پیشەسازى و پێویستیەکانى نێو ماڵ بەکار دەهێنێت، سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستانیش بریتین لە ئاوى باراناو و ئەو ڕووبارانەى کە لەدەرەوەى هەرێم دێنە ناو هەرێمى کوردستان، لەگەڵ سەرچاوە ناوخۆییەکان و ئاوى ژێر زەوى، کە ٤٠%ى پێداویستى ئاوى هەرێم لە سەرچاوە ناوخۆییەکان و ئاوى ژێر زەوى تەرخان دەکرێت و ٦٠%ى پێداویستى لە سەرچاوەکانى وڵاتى تورکیان ئێرانەوە دابین دەکرێت، بۆیە مەترسى گەورە هەیە لەسەر هەرێمى کوردستان لەکاتى خستنەکارى ئەو بەنداوانەى کە ئێران و تورکیا دروستیان کردووە لەسەر سەرچاوەئاوییەکان، گلدانەوەى ئاو لەو بەنداوانە هەرێم و عێراق تووشى قەیرانى کەمئاوى دەکات و دەسەڵاتدارانى عێراق و هەرێمیش هیش هەنگاوێک لەو بارەیەوە نانێن.
س.ح