سەرەڕای قەدەغەکردنی هاوردەکردنیان بەڵام بەشێک لە بەرهەمەکان بە قاچاخ دێت

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەپێی بڕیارێک ڕایگەیاندووە، هەر فرۆشیارێک سەوزە و میوەی قەدەغەی هاوردەکراو بفرۆشێت ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بەشێک لەو بەرهەمانە وەک هەنار و سێو بە قاچاخ هاوردە دەکرێت.


وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە مامەڵەکردنی ئەو بەرهەمانەی کە لە ناوخۆدا زیادن و بەشێوەی نایاسایی (قاچاخ) لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرێن، چەند بڕیارێکی بۆ سەرجەم عەلوەکانی هەرێمی کوردستان دەرکرد.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە ماوەی ڕابردوودا سەردانی بەشێک لە عەلوەکانی شاری هەولێری کرد بۆ بە دواداچوون سەبارەت بەو بەرهەمانەی کە هاوردەکردنیان قەدەغەیە بەڵام لە لایەن بەشێک لە دوکاندارانی عەلەوەکانەوە ئەو بەرهەمانە دەفرۆشرێن.

 ناوەڕۆکی بڕیارەکە پێکهاتووە لەم خاڵانە:

١- لیژنەکانی بەدواداچوون و پشکنینی بازاڕ بەرپرسیارییەتی جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی حکومەت لە ئەستۆ دەگرن.

٢- هەر بەروبوومێکی قەدەغەکراو لە هەر قانعێکی هەرێمی کوردستان بە دی بکرێت و مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت، دەستبەجێ دەستی بەسەردا دەگیرێت و سزای دارایی بە سەردا دەسەپێنرێت.

٣- ئەم بڕیارە لە ١/١١/٢٠١٩ەوە جێبەجێ دەکرێت.

حسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، لەو بارەیەوە وتی: ساڵانە کۆمەڵێک بڕیار و ڕێنمایی دەردەکەین بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و زۆر جار لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ، باج دەخەینە سەر بەرهەمی هاوردە بۆ ئەوەی نەتوانرێت کێبڕکێ لەگەڵ بەرهەمی ناوخۆ بکەن، یاخود زۆر جار بزانین ئەو بەرهەمانە لە پێویستیی ناوخۆ زۆرە قەدەغەی دەکەین.

باسی لەوەش کرد: ئەم بڕیارە هەمیشەییە و لە بەرژەوەندی هەموو جوتیارانی هەرێمی کوردستانە، ئێمە وەزارەتێکی خزمەتگوزارین نەک جێبەجێکار، بۆیە کاتێک بڕیار یان ڕێنمایی دەردەکەین دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکارمانبن لە جێبەجێکردنی، بەڵام بەداخەوە گوێبیستی ئەوەدەبین کە بەرهەمێک قەدەغەمان کردووە هاوردە دەکرێت و هەرزانن لە چاو ناوخۆ.

ئاماژەی بەوەشدا کە بەشی زۆری سەوزەکان و میوە و بە تایبەت هەنار، ترێ، قۆخ و هەنجیر لە کاتی پێگەیشتنیان بەشی بەرهەمی ناوخۆ دەکەن سەبارەت بەم  وەرزە دەڵێت: لەم وەرزە ئەوەی قەدەغەیە هاوردە بکرێت، هەنار و سێوە کە سێوەکە باجی لەسەرە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێلکە ئەگەرچی هاوردەکردنی قەدەغە کراوە، بەڵام لە زۆرێک لە دوکانەکان و بازاڕە گشتییەکان دەفرۆشرێت.

ک.س